هاوڕەگەزبازی: ماف یان تاوان
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هاوڕەگەزبازی: ماف یان تاوان

هاوڕەگەزبازی چ وەک دیاردە و چ وەک کەنسێپتێکی زانستی کۆمەڵایەتی و پزیشکی نوێ نیە و ڕەگ و ڕیشەیەکی دێرینی هەیە. بە گوێرەی چەندین توێژینەوە و داتای زانستی، لە (٪٢-٣) کەس هاوڕەگەزباز (یان هاوڕەگەزخوازن) ئەمڕۆ لە دنیادا. ئەگەر هەتا نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، هاوڕەگەزبازی وەک نەخۆشیەکی عەقلی دیاری کرابیت لە تەواوی جیهاندا، ئەوە لەوکاتە بەدواوە، لە جیهانی ڕۆژئاوادا، مەیل و هەستی هاوڕەگەزخوازانە وەک جیاوازییەکی نۆرماڵ و ئەرێنی لە سێکسی مرۆڤ دیاریکراوە و هەڵسوکەوتی هاوڕەگەزبازانە بە گونجاو دانراوە لە گەڵ تەندروستی عەقڵی و کۆمەڵایەتیدا. لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسەکانیشیان هاوکات لەگەڵ دەرونناسەکاندا، گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا هاتووە، بەجۆرێک کە ئەوانیش بە دیاردەیەکی کۆمەلایەتی نۆرماڵ پیناسەیان کردووە، بەڵام جیاوازییان لە هۆکارەکانی پشت دیارەکەدایە، بە جۆرێک کە هەندیکیان پییان وایە هۆکارەکە بایۆلۆجییە و هەندێکی تریان پییان وایە هۆکار ژینگەی کۆمەڵایەتیە.

هاوڕەگەزبازی لە پیناسەیەکی سادەدا واتا پــەیوەندی رۆمانسی و سێکسی لە نێوان کەسانی هاو ڕەگەز. گەربگەڕێــینەوە بۆ مێژوو دەبیــنین، کە قــورئانی پیرۆز ئاماژەی بەم دیــارەیە داوە لەناو قەومێـــک کە پێدەوترا قـــــــەومی )لوط( و لەبــارەیانەوە دەفەرمێــــت:( أتأتون الفاحشــة ما سبقكم بــها ( سـوڕەتی ألاعراف)(؛ لــەوکاتەوە مێژوویی ئەم کارە دەســـتپێدەکات. جگە لە قورئــان، شاری "قەومی لوط" ،لە ئینجیل و تەوڕات و زەبوور وا باس كراوه، كه به هۆی خراپەکاری زۆرەوە وێران بووه؛ باس لەوە دەکەن ئەم شارە دەوڵەمەند بووە بە ناز ونیعمەتی خودا و بە باڵەخانەی بەرزو ڕازاوە وجوان ناسراوبووە،بەڵام به هۆی سەرکەشیکردن و بەردەوام بوون لەبێ فەرمانی خودا، لەناویاندا هاوڕەگەزبازی، خودا ڕوبەڕوی غەزەب و توڕەی خۆی کردوون و سەرئەنجام لەناوی بردوون.

هەروەک لە پێشتر ئاماژەمان پێدا کە هەتا نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو،کۆمەڵگەی نێودەولەتی وەک دیاردەیەکی نۆرماڵ لە هاورەگەزبازی نەدەڕوانی و سزا هەبـــوو لەســەر ئەنجامدانی ئەم کارە، کە لەســاڵێــک دەســتی پێدەکرد تەنانەت لەهەندێک وڵاتدا دەگەیشــتە بیـست ساڵ و تەنانەت کوشتنیش. بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە هەوڵدان کراوە کە دیاردەکە وەک دیاردەیەکی تەندروست قبوڵ بکرێت و سزا بەسەر ئەنجامدەرانیدا جێبەجێ نەکرێت. لە نەوەدەکانی سـەدەی ڕابردووەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان چــەندان هەنگاوی ناوە و چەندان کۆنگرە و کۆنفرانسی ســـەبارەت بەم بـابەتە بەســتووە، لە دیارترینیان: ڕاڤەکردنی چەمکی (یەکسانی) بوو لەناو پەیماننامەی نیودەوڵەتی پەیوەندیدار بە مافە مەدەنی و سیاسیەکان، لەلایەن کۆمیتەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەکەوە، لە ساڵی (١٩٩٤)، پەیوەندیدار بە سكاڵای هاوڵاتییەکی ئوستڕالی. یەک ساڵ دواتر، لە (پلاتفۆڕمی پەکین) دا کە بەشێک بوو لەهەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێناو دابینکردنی یەکسانی و هێزو توانا دان بە ژنان، بابەتی هاوڕەگەزبازی بوو بەبابەتی گەرمی گتوگۆی نێودەوڵەتی. دوای ئەم کۆنفڕانسە، چەندان کۆنفڕانسی تر بەستراوە و تیایدا دڵنیای دراوە کە پاراستنی مافی هاوڕەگەزبازان پێویستییەکی یاساییە و پێشیلکردنیشی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. جێگەی ئاماژە دانە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیـهانی لەســاڵی (١٩٩١) هاوڕەگەزبازی لەناو لیستی نەخۆشیــە دەرونیــەکان دەرکردبوو، ئـەمەش ڕێـگە خۆشکەربوو بۆ بەیاسایی بوونی ئەم کارە. لە رۆژی ئەمڕۆدا دیاردەی هاوڕەگەزبازی، لە زۆربەی دوڵەتاندا، یاساییە و تەنیا لە (٧٢) دەوڵەتدا قەدەغە کراوە بە یاسا.

بێــگومان هاوڕەگەزبازی لە ئایــنی ئیسلامدا حەرامـــــە، ئـەمەش چەند بۆچونێکی لــەسـەرە: هێندێک لەزانایــان، لەوانــە: بەگوێرەی ئیمامی (أبـوحنیفە و مجاهیــد)، سزاکەی تەنهــا بریـتیە لە (تعزیـر). فرێــدانی لە جێـگەیەکی بەرزەوە بــۆئەوەی ببێتە عیــبڕەت، دراوەتە پاڵ (ابن عباس). حوکمەکەی کوشــتنە، لەســەر بۆچونی (ئیـمامی مالــک). حوکمەکەی ســوتاندنە، ئەم وتەیــە دراوتە پاڵ (ئـیمام علی). بـەڵام ڕایی ڕاجح، بۆچونی (حەسەنی بصری و شافعی و کۆمەڵێکترلە زانایان)ە، کە دەفەرموون: لەبـەرئەوەی نەصی ڕاشکاومان نیــە لە قــورئان و ســونەت، پەنا دەبینە بەر(قیـــــــاس)، کە سەرچاوەیەکە لە سـەرچاوەکان بۆهەڵێنجانی حوکمی ئیسلامی. لێرەدا قیاسی دەکەیـن بە حوکمێکی ئەصڵی کە حوکمی زیــنایــە، چونکە عللەتیان یەکە و هەردووکیـان ڕێگایەکن بۆ تێرکردنی ئارەزوو بە ڕێگەیەکی ناشـــــــەرعی، بۆیە کاتێـک کەسێک ئەم کارە ئەنجام دەدا، پێویستە ســەد جەڵدی لێبدرێت ئەگەر بێ هاوســەربوو، ئەگەر هاوســەردار بێــت ئەوا حوکمەکەی حوکمی ڕەجمکردنە. هەرچی ئایــنەکانی ترە وەک جولەکە و مەسیحی، هەردووکیــان ئەم کارەیـان لەلا قــەدەغــەیە، وە لەگەڵیشیدا سزای لەسێدارەدانیــان بۆ داناوە، جێگەی خۆیەتی کە بڵێن لەئێسـتادا، پاپا فەتوایەکی تازەی دەرکردووە، کە ڕێگەدەدات بە هاوسەرگیری هەمان ڕەگەز، بەڵام لە ئایـنی جولەکەدا، حوکمەکەی وەک خۆیی ماوەتەوە و گۆڕانکاری بەسـەردا نەهـاتووە. سەبارەت بە ئاینی زەردەشـتی، هەرچەندە بەتاوان لەقەڵەم دراوە، چونکە پێچەوانەی کرداری چاکە، بەڵام سزای لەســەر نیــە.

لەوانەیە بۆچونی زۆر و جۆراو جۆر هەبێت پەیوەندیدار بە ناساندن و هەڵسەنگاندن و کاریگەریەکانی و تەنانەت چۆنیەتی ڕوبەڕوبوونەوەی دیاردەکەش، بەڵام لەکۆتایدا هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە دیاردەکە لەپەرەسەندنی خێرادایە لە کوردستاندا، سەرەڕای بێزراوی و ڕەتکردنەوەی لە لایەن زۆرینەی کۆمەڵگای کوردییەوە، بۆیە پێویست بە قسە و باسی زانستی و دۆزینەوەی چارەسەر دەکات. لە دیدی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، دیاردەکە بە هیچ جۆرێک ماف نیە.

هەرچەندە کە بە خوێندنەوەیەکی نوێ و واقعی بۆ دەقەکان، لە وانەیە چوارچیوەی تاوانیش چیترگونجاو نەبێت کە بۆ دیاردەکە دابنرێت. بە واتایەکی تر، دیاردەکە دەکرێت نە مافە بێت و نە تاوان، بەڵکو کێشەیەکی زانستی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بێت. هاوڕەگەزبازان بەشێکی کۆمەڵگان و پەراوێزخستن و سزادانیان ڕەوش و بارودۆخ خراپتر دەکات. لە بری بیرکردنەوە لە سەرپەڕاندن و فڕێدانیان لەبەرزای و سوتاندییان، پێویست دەکات، کە سود لە توانستە مەدەنییە-زانستیەکانی دنیای نوێ وەربگیرێت لە روبەڕوبونەوەی دیاردەکەدا، بەجۆرێک، کە سەنتەری چارەسەری تەندروستی و راوێژکاری دەرونی تایبەتیان بۆ دروست بکرێت و لەرێگەی پزیشکی تایبەتمەند و ڕێکخراوی تایبەتمەندی مەدەنی و خەڵکانی ئاینییەوە هەوڵبدرێت کە ئاراستەی جنسییان راست بکرێتەوە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ