ئەمڕۆ 3 /5 ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەنوسییە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بڕیاری لەسەردراوە.
بەو بۆنەیەوە - وەک ڕۆژنامەنوسێک - ئەم دوو پەیامە پێشکەشی هەر یەکە لە دەسەڵاتی حوکمڕانی و ڕۆژنامەنوسان دەکەم .. یەکەم / بۆ دەسەڵاتی حوکمڕانی:-
١ / ئەو دەسەڵاتەی لەڕێگەی سەندوقی هەڵبژاردنەوە هاتبێت و بڕوای بە دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ هەبێ ، لە ئازادی ڕۆژنامەنوسی ناترسێت.
٢ / ڕێز لەو بڕیارو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیانە بگرن ، کە بڕیاریان لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنوسی داوە، بۆ ئەوەی چیتر ناوبانگی هەرێم ناشیرین نەبێ ..
٣ / بەو یاسایانە مامەڵە لە گەڵ ڕۆژنامەنوساندا بکەن ، کەپەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم بوارە پەسندی کردووە ،نەک بە یاسای سزاکانی ئێراقی ساڵی ١٩٦٩ ،یان ئەو یاسایانەی کە پەیوەندییان بە کاری ڕۆژنامەگەریی و مێدیاوە نیە.
٤ / دڵنیا بن لەسایەی ڕێزگرتن لەئازادیەکان و مافی مرۆڤدا، ئەزمونەکەمان پێشدەکەوێ و دۆستانمان دڵخۆش و ناحەزانمان نیگەران دەبن .
٥ / لە پێدانی زانیاری دا جیاوازی لەنێوان ڕۆژنامەنوسان و کەناڵەکاندا مەکەن ، بۆئەوەی ناچار نەبن واتەوات ( شائعات) بڵاوبکەنەوەو لەرێگەی ناڕەواوە زانیاری دەس بخەن.
٦ / ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لەسەرپێشێلکاریەکانی ئازادی ڕۆژنامەنوسی بڵاو دەکرێنەوە ، دۆسێیەکی گەورەی زیانبەخشن نەک تەنها بە ئەزمونەکەمان،بەڵکو بەئێوەی حوکمڕانیش ، ئەگەرچی بۆمەودایەکی دووریش بێت ، کاریگەریی خراپی دەبێت.
٧ / ڕۆژنامەنوس کوڕو کچی ئەم گەل و وڵاتەن ، بەچاوی دوژمنکارانە سەیریان مەکەن ، بەڵکو با پلان و پڕۆژەتان هەبێ بۆ خزمەتکردنیان وپەڕەپێدانیان لەڕووی پیشەیی و یاساییەوە.
٨ / نابێ دەزگا ئەمنیەکان وەک ناحەزو دەستی بێگانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و مێدیاکاراندا بکەن،مادام خەریکی ئەنجامدانی ئەرکی پیشەیی خۆیانن.
٩ / یاساکانی بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردستان ، ڕێگە بە زیندانی کردنی ڕۆژنامەنوس و داخستنی هیچ کەناڵێک نادات، بۆیە هیوادارم ئەو کارانە دووبارە نەبنەوە.
١٠ / داوا لەدەسەڵاتی دادوەریی کوردستان دەکەم ، لە دۆسیەی ڕۆژنامەنوساندا ،کار بە یاسای کاری ڕۆژنامەگەریی ژمارە ٣٥ و پرۆتۆکۆلی ١٧ /٢ / ٢٠١١ی نێوان ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بکات و هیچ دەستێوەردانێکی حیزبی و حکومی قبوڵ نەکات.
دووەم / بۆڕۆژنامەنوسان:-
ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ دەبێ بزانێت کە ئازادی ڕۆژنامەنووسی ئیمتیازێک نیە بە ئەو درابێت ،بەڵکو مافی گشتی کۆمەڵگەیەو ڕۆژنامەنوس بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بەکاری دێنێت .. بۆیە لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەیدا ، پێویستە ڕۆژنامەنوس ڕەچاوی چەند خاڵێک بکات ، لەوانە : -
1 ـ بەرپرسیاریی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانی.
2ـ پیشەیی بوون. واتە کارکردن بەپێوەرە پیشەییەکان.
3 - ڕاستگۆیی وبابەتی بوون و دوورە پەرێزێ لە ( واتە وات) و زانیاری بێ بنەماو بەڵگە.
4 - پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو پرس و باسەی کە بەدواداچوونی لەسەر دەکات. واتە پێدانی دەرفەت و کاتی گونجاو بەهەرلایەک بۆ دەربڕینی بۆچونەکانی و گەیاندنی زانیاریەکانی.
5 - پەنا نەبردن بۆ ناوزڕاندنی کەس و گروپ و دەستەو تاقمەکان.
6 -پاراستنی گیانی خۆی لەمەترسیەکان.