ئافرەتان ئاگاداری ئەو حاڵەتە بن هەندێك جار بەسەریاندا دێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئافرەتان ئاگاداری ئەو حاڵەتە بن هەندێك جار بەسەریاندا دێت

 

 

شیرهاتن لە مەمك بەشێوەیەكی ئاسایی پاش منداڵبوون روودەدات، بەڵام بەشێك لە ئافرەتان بێ ئەوەی دووگیان بن شیر لە مەمكیان دێت، دكتۆرە (ژیان خەلیل) پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مەمك باس لە هۆكارەكان دەكات و چەند ڕێنماییەكی پێویست بە ئافرەتان دەدات.

دكتۆرە ژیان خەلیل ئاماژە بەوەدەدات كە شیرهاتن لە مەمك بەشێوەیەكی ئاسایی پاش منداڵبوون روودەدات، هەندێكجار لە ماوەی دووگیانیش روودەدات، بەڵام هەندێك جار نەك هەر خانمان بەدەر لە دووگیانی و منداڵبوون، بەڵكو پیاوانیش تێبینی دەكەن شیر یان دەردراوی سپی وەكوو شیر لە مەمكیان دێ.

هۆكارەكانی چین ؟؟

دكتۆرە ژیان خەلیل دەڵێت: دروستبوونی شیر لە مەمكدا لەكاتی دووگیانی و شیردانی سروشتی بەهۆی هۆرمۆنی (پڕۆلاكتین) روودەدات، بۆیە بەرزبوونەوەی ئەم هۆرمۆنە بە هەر هۆیەك بێت دەبێتە هۆی دروستبوونی دەردراوی سپی هاوشێوەی شیر لە هەر كەسێك و هەر رەگەزێكدا، ئەم هۆرمۆنەو چەندینی دیكە لەلایەن (ژێر مێشكە ڕژێن) دەردەدرێن كە لە بنەوەی مێشكدا هەڵكەوتووە.

نەخۆشكەوتنی ئەم رژێنە، جا بە دروستبوونی گرێ یان نەخۆشی دیكە، دەبێتە هۆی زۆربوونی هۆرمۆنی هاندەری دروستبوونی شیر (پرۆلاكتین)، بەڵام بەدەر لەمە، هەندێك هۆی دیكەش هەن كە هانی دەرچوونی شیر لە مەمكەوە دەدەن لەكاتی نائاساییدا، وەكوو:

1. زۆر ورووژاندنی مەمك و گۆی مەمك.

2. دەرمان، وەكوو دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەكان و بەشێك لە دەرمانەكانی دابەزێنەری فشاری خوێن.

3. ناچاڵاكی رژێنی دەرەقی.

4. نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە.

5. هەندێك دەرمانی رێگری لە منداڵبوون.

6. كەمی هۆڕمۆنی نێرینە لە پیاواندا.

هەندێك خانمیش هەن كە لە منداڵی شیرەخۆرەی كەسانی دیكەش نزیك بن، مەمكیان شیر دروست دەكات، بەڵام ئەمە حاڵەتێكی دەگمەنە.

لە هەندێك كەسی دیكەشدا كەسەكە هیچ نەخۆشییەكی نییە، تەنیا مەمكی زیاد لە پێویست هەستیارە بۆ هۆرمۆنی پرۆلاكتین و لە ئاستی ئاساییشدا ئەو هۆرمۆنە شیریان پێ دەردەدات.

نیشانەكان چین ؟؟

نیشانەكان بەپێی حاڵەت و هۆكارەكان جیاوازن، وەكوو:

1. شیرهاتنی ناوبەناو یان بەردەوام لە گۆی یەكێك لە مەمكەكان یان هەردووكیان.

2. دەردانی شیر لە مەمك، لەخۆوە یان بە وروژاندنی مەمك و گۆی مەمك.

3. تێكچوونی سووڕی مانگانە.

4. سەرئێشەو گرفتی بینایی.

لە پیاواندا دەشێ هاوكات لەگەڵ شیر لێهاتنی مەمك، ئەم نیشانانە هەبن:

1. گەورەبوونی مەمك یان گۆی مەمك.

2. هەستیاربوونی مەمك.

3. گرفت لە گەورەبوونی چووك.

4. كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسكردن.

دەستنیشانكردنی هۆكارەكان بە چ ڕێگەیەك دەبێت ؟؟

دكتۆرە ژیان خەلیل دەڵێت: سەرەتا لە رێگەی پرسیاركردن و پشكنینی جەستە بە دەست، پزیشك هەندێك سەرەداوی دەستدەكەوێ، پاشان بڕیاری پشكنینی تاقیگەیی و وێنەیی دەدات كە رەنگە یەك یان زیاتر لەمانە بگرێتەوە.

1. پشكنینی دووگیانی

2. پشكنینی خوێن بۆ زانینی ئاستی هۆرمۆنی شیر (پڕۆلاكتین) یان رژێنی دەرەقی یان هەردووكیان.

3. پشكنینی دەردراوی مەمك لە تاقیگەدا.

4. سكانی موگناتیسی (ئێم ئاڕ ئای) ی مێشك، بۆ ئەوەی بزاندرێ گۆڕانكاری هەیە لە ژێر مێشكە ڕژێن.

5. سۆنار یان وێنەی تیشكی مەمك.

لە بارەی چارەسەرییەكانەوە دكتۆرە ژیان خەلیل ڕوونیدەكاتەوە كە: چارەسەرەكە بەپێی هۆكارەكە دەبێت، هەندێكیان هیچ چارەسەرێكی تایبەتیان ناوێت، هەندێك جار تەنیا پێویست بە گۆڕینی شێوازی ژیان دەكات، وەكوو كەمكردنەوەی هۆكارەكانی ورووژانی مەمك و نەپۆشینی جلی تەسك و دانانی پادی تایبەت بە هەڵمژینی شیر لەنێو ستیان.

هەندێك جار بۆ لەبنهێنانی هۆكاری دروستبوونی شیرەكە، چارەسەری كەسەكە دەكرێ، لە رێگەی یەكێك یان زیاتر لەمانە:

1. گۆڕینی دەرمانێك كە هۆكاری دروستبوونی حاڵەتەكەیە.

2. چارەسەركردنی گرفت لە غودەی دەرەقی، ئەگەر گرفتێك هەبوو.

3. لابردنی گرێ لە ژێر مێشكە ڕژێن لەڕێگەی نەشتەرگەری.

4. پێدانی هۆرمۆنی نێرینە.

5. دەرمانی وشككردنی شیر.

 

هه‌واڵی گرنگ