تەرمی ١٢٣ كەس لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە دەوروبەری بەندیخانەی بادۆشی ڕۆژئاوای شاری مووسڵ هەڵگیرانەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش یەكێك لە گەورەترین كۆمەڵكوژییەكانیان لەم سنوورەدا ئەنجام دا.
ئەمڕۆ یەكشەممە 13 ی حوزهیرانی 2021 ،ڕۆژنامەی "ئەلشەرقول ئەوسەت"ی لەندەنی بڵاوی كردەوە دوای ئەوەی پێشتر گۆڕە بە كۆمەڵەكە دۆزرابووەوە، ئەمڕۆ پاشماوە و تەرمی ١٢٣ كەسی تێدا دەستنیشان كرا و هەڵگیرانەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەكان لەمڕۆوە دەست دەكەن بە پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ دەستنیشانكردنی ناسنامەی قوربانییەكان و رادەستكردنەوەیان بە كەسوكاریان.
چەند هەفتەیەكە لە بەغدا و شارەكانی تری عێراق دەست بە وەرگرتنی نمونەی خوێن كراوە لە كەسوكاری ئەو قوربانییانەی داعش كە پێشبینی دەكەن كەسە ونبووەكانیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بەندیخانەی بادۆش شاردرابنەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤دا، لە كاتی دەست بەسەرداگرتنی باكووری رۆژئاوای عێراقدا، چەكدارانی داعش نزیكەی ٦٠٠ كەسی زیندانیكراویان لە بەندیخانەی بادۆشی رۆژئاوای مووسڵ هێنایە دەرەوە و لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە بردیانن بەرەو دۆڵێكی نزیك لە بەندیخانەكە و گوللەبارانیان كردن، لە ئاداری ٢٠١٧دا ئاشكرا بوو كە تەرمی ئەو كوژراوانە لەم دۆڵانەدا خراونەتە گۆڕی بە كۆمەڵەوە.
تا ئێستا بە پێی زانیارییەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، داعش نزیكەی ٢٠٠ گۆڕی بە كۆمەڵی لە عێراق لە دوای خۆیدا بەجێ هێشتووە، كە پێشبینی دەكرێت ١٢ هەزار تەرمیان تێدا بێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە ٢٠١٤دا دەستی بەسەر پانتایی نزیكەی سێیەكی خاكی عێراقدا گرت و دەسەڵاتەكەی تا ٢٠١٧ درێژەی كێشا.