ئەوانەی قۆڵۆنیان هەیە، چی بخۆن و چی نەخۆن ؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەوانەی قۆڵۆنیان هەیە، چی بخۆن و چی نەخۆن ؟

 

 

كۆنیشانەی قۆڵۆنی شڵەژاو- Irritable Bowel Syndrome یان وەك ئەوەی لەناو خەڵكیدا پێی دەوترێ (قۆڵۆن) نەخۆشییەكی زۆر بەربڵاوەو ئەوەندە نەخۆشەكان ناڕەحەت دەكا، كار دەكاتە سەر ڕاپەڕاندنی كاروباری ڕۆژانەشیان، باشترین چارەسەری ئەم نەخۆشییە بریتییە لە خۆپارێزی، كە ئەمەش لە ڕێی خواردنی تەندروستەوە دەبێت.

تووشبووانی ئەو نەخۆشییە دەپرسن (باشە چی بخۆین و چی نەخۆین ؟)، ئێمەش بەم جۆرە وەڵامیان دەدەینەوە:

1. ئاو: تا پێتان دەكرێ زۆر بیخۆنەوە، بە جۆرێك كەمتر نەبێ لە ڕۆژی (8) پەرداخ.

2. ژەمەكان: هەر سێ ژەمە سەرەكییەكە بخۆن، وا باشە ئەو ژەمانە لە هەمان كاتی هەموو ڕۆژێكدا بخۆن، ئینجا دەبێ خواردنیش زۆر بە لەسەرخۆیی بخورێت.

3. یاپراخ و خۆراكی قوتووبەندو هی گەرم كراوەش لە پەرەپێدەرانی نەخۆشییەكەن، خۆتانیان لێ بەدوور بگرن، خۆراكی چەوریش لە هەندێك نەخۆشدا نیشانەكان زیاد دەكات.

4. چایی و قاوە: ڕۆڵێكی زۆریان هەیە لە دروست بوونی نیشانەكانی نەخۆشییەكەدا، بۆیە نابێ ڕۆژی (3) كوپ زیاتریان لێبخۆنەوە، خۆ ئەگەر بتوانن بەتەواوی دەستبەرداریان بن و بیانگۆڕن بە چای گیایی، زۆر باشە، ئەو چایانە نەك پەرە بە نیشانەكانی نەخۆشییەكە نادەن، بەڵكو ڕۆڵێكی بەرچاویشیان هەیە لە نەهێشتنیاندا، بەتایبەت چایی (ڕازیانە) و پونگە (نەعناع).

5. دانەوێڵەكان: گەنم و جۆو لەمانەوە نان و سەموون لە گرنگترین هۆكانی پەرەسەندنی نەخۆشییەكەن، بەتایبەت ئەگەر كەپەكیان لێ نەكرابێتەوە (نانی بۆر)، بۆیە مەیانخۆن، ئەگەر هەر دەیخۆن، هی سپی بخۆن، بەڵام خواردنی گەنمە شامی و برنج ئاساییە.

6. سەوزەو میوە: زۆر جار چارە نەبوونی نەخۆشییەكە بەهۆی سەوزەو میوە خواردنەوەیە، چونكە ئەمانە ئەوەندە بە خواردنی تەندروست دادەنرێن، كەم كەس قەناعەت دێنێ بەوەی ئازارەكانی سكی بەهۆی خواردنی ئەمانەوە بێت!

وەلێ هەمووشیان وا نین: لە كاتێكدا (نیسك، فاسۆلیا، قەڕنابیت، سیر، پیاز، قارچك، كەلەرم، سێو، شووتی، گێلاس، هەرمێ) نابێ بخورێن، ئەوانی ترو بەتایبەت (گێزەر، خەیار، پەتاتە، تەماتە، باینجان، سپێناخ، كەرەوز، كاهوو، مۆز، ترێ، كیوی، لیمۆ، لالەنگی، پرتەقاڵ، توو) دەتوانرێ بخورێن، خواردنی تەڕەپیاز (بەپێچەوانەی پیازەوە) شتێكی ئاساییە! ئینجا میوە بە وشككراوەیی مەخۆن و ڕۆژی سێ دانە میوەش زیاتر مەخۆن.

7. مەیی و خواردنەوە گازییەكان: ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە دروست كردنی نیشانەكان، لێیان بەدوور بن، لە ئازاری قۆڵۆن بەدوور دەبن.

8. شەكرە دەستكردەكان: بەتایبەت لە بنێشت و خواردن و خواردنەوەكانی تایبەت بە خۆلاواز كردنەوەو شەكرەداران هەن، بۆیە نابێ ئەمانە بخورێن.

9. چەرەز: فستق مەخۆن و بادەم بخۆن.

10. هەنگوین، چلوورە، مۆتا، كێك، پسكیت، پاقڵاوەو شیرینی لەو خواردنانەن كە نابێ بخورێن.

11. داوو دەرمان: بەتایبەت هەندێك دەنكی تایبەت بە هەوكردن و ئازارشكێنی، نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەردەخەن، بۆیە نابێ تا زۆر پێویست نەبن بخورێن، بەڵام (پاراسیتۆل) ئەو كێشەیەی نییە.

12. وەرزش: ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە زیاد كردنی جووڵەی ڕیخۆڵەكان و كەم كردنەوەی فشاری دەروونی، كە هەردووكیان بەكارن لە نەهێشتنی نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە، بەڵام ئەو كەسانەی كە تووشی نەخۆشییەكە هاتوون و پێشتر زۆر چاڵاك نەبوون، دەبێ وردە وردە دەست بە وەرزش بكەن، نەك ئەوەی یەكسەر دەست بۆ هی قورس ببەن.

ماوەتەوە بڵێین: ئەوە نییە هەموو نەخۆشەكان كێشەیان لەگەڵ یەكە بە یەكەی ئەو خواردنانەدا هەبێ، بەڵكو هەر یەكەو كێشەیان لەگەڵ چەند دانەیەكیاندا هەیە، دەبێ خۆیان لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا بۆ خۆیانی بدۆزنەوە كە ئەوە كامەیە ناڕەحەتیان دەكات و دەستی لێبەر بدەن.

(د. زانا ئەحمەد – پزیشكی پسپۆڕی هەناو)

هه‌واڵی گرنگ