پرۆسەی (خاوێن) کردنەوەی (پۆخڵەوات)
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

 پرۆسەی (خاوێن) کردنەوەی (پۆخڵەوات)

ڕێڕەوێکی دێرینەو (نوێ) دەکرێتەوە

ئەو ھەقیقەتە چەسپاوە کەوا (مێژوو) پڕۆسە گرنگ و کاریگەرەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، بە وردی و درووستی، تۆمارکردووە. وە بۆ وانەو پەند لێوەرگرتن، بەھەندگیراوە ئاوەزداران (شەن و کەو) و (توێژینەوە)، لەسەر ئەو دۆسیە ھەستیارو چارەنوسسازانە بکەن، تاوەکو لەوەودوا ئارەزوومەندانە ھەڵوێستی خۆیانی لەبارەوە بنوێنن و پاداشتی پێ مسۆگەر بکەن.

جا یەک لەو دۆسیانە (پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی پۆخڵەواتـ)ـە، کەوا ڕێڕەوو ڕێباز(نھج)ێکی دێرینەو مرۆڤەکان لە دەرفەتی ژیاندا (لەسەر پارچە جیاوازەکانی ئەم سەر زەمینە)، خۆڕسکانە پیایدا گوزەر دەکەن و (نوێ)ی دەکەنەوە.

وەھەمیشە (خەڵک)ی لەمەڕ ئەم  (پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی پۆخڵەوات)، لەدوو بەرەی جوداو جیاوازو دژبەیەک خۆیان دەبینەوە.

بەرەی یەکەم: ئەوانەن کەوا (زەین و ھۆش)یان وەلا ناوەو، (حەزو ئارەزووی ناڕەوا)یان کردۆتە نیشانەو ئامانج، بۆ بەدەستھێنانی سڵ لە ھیچ ناڕەوایەتیەک ناکەنەوەو بەردەوام، ژیان پۆخڵ و، جوانیەکان ناشیرین و، بەھاکان نەوی و خوار، دەکەنەوە.

ھەرچی بەرەی دووەمە: تاسەر ئێسقان (کارو ئەرک)یان گران و قورس و سەخت و سەنگینە، چونکە لەلاێک سەرگەرم و سەرقاڵ و سەرحاڵن بە خاوێنکردنەوەی پۆخڵەواتی دەستەی یەکەم، واتە: ئەوەی ئەوان لەنێو کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا (بە بەرنامەو پیلان) تێک و پێکیانداوە و شێواندوویانە بەسەریەکەدا، ئەمان دێن بە (نەخشەو پلانی درووست)، چاکی دەکەنەوە. وە لەلاێکی تر، ئەوپەڕی توانای خۆیان بەخەرج دەدەن تاکو نەگلێن بە گەندەڵی و فەسادەوە.

جا ئەم دوو بەرەیە، دایم لە کێشمەکێش و ڕووبەڕوونەوەدان، دەستەی یەکەم، چونکە بیروباوەڕو تێڕوان و تێگەیشتنیان کورتبین و دوور لە لۆژیک و زەینداری و ھۆشمەندیە، ھەمیشە بەرانبەر دەستەی دووەم بە (دڵڕەق و بێبەزەیی و نامرۆڤانە)، سەودایان لەگەڵ کردوون و دەکەن، چونکە دڵنیان بە بوونی (ڕۆڵگێڕانی) ئەوان لە بەڕێوەبردنی (مەملەکەت)دا، ئیتر گڵۆڵەی حەزو ئارەزووی ناڕوایان، دەکەوێتە لێژی و ھەرچی بە (ناھەق) دەستیان کەوتووە لە (ماڵ و پلەو دەسەڵات و ناوو ناوبانگ)، لێیان دەسەندرێتەوەو، لەسەر ئەو (سەرەڕۆیی و زوڵم و ستەمکاری)ـەیان دەکەونە بەر لێپێچینەوەی دادپەروانە.

ھەربۆیە گەر بۆیان بلوێت، ھەرگیز قەبوڵی ناکەنە ڕێبدەن بێنە پێش و ڕۆڵبگێڕن. وە گەرھاتوو لەتوانایاندا نەبوو ڕێگری بکەن و ئەوان ھاتنە سەر شاشە، ئەوا لەدەرفەت دەگەڕێن تاکو بە شێوەی نھێنی و گەلەکۆمەیی، پیلان لە دژیان بتاشن و ڕای گشتی چەواشە بکەن و، بە ناونیشانی قەبەو درووشمی بریقەداری خەڵەتێنەر بیانخەن.

نموونەی ئەم پیلانگێڕیە بەچەند (شێوەی جیاوازو یەک ناوەڕۆک)، قورئانی پیرۆز زۆر بە ورد (دقیق)ی تۆماری کردووە، کە لەم دوو ئایەتەدا پوختەی قەست و مەبەستی ڕۆشنکردۆتەوە: (وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُواْ لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللّهُ وَاللّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ/ الأنفال: ٣٠)، گەر بۆیان بلوێت یەک لەم سێ بژاردە لە دژی (دەستەی دووەم) دەگرنەبەر:

یەکەم: (لِيُثْبِتُوكَ)، پەڕوباڵ لێکردنەوە، ھەوەڵ بە لێسەندنەوەی (ھەق و ماف و مۆڵەتی یاسایی) کارو چالاکی ئەنجامدان، وە دواتر دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵک و (ممتلکات)دا، پاشان گرتن و بەندکردن و، ئازارو ئەزیەت و ئەشکەنجەدان.

دووەم: (أَوْ يَقْتُلُوكَ)، کوشتن و تیرۆکردن و لەناوبردن، بە ھەر جۆرێ کەمتر گومانی لەسەربێ.

سێیەم: (أَوْ يُخْرِجُوكَ)،  دەرکردن و ڕاوەدونان و دوورخستنەوە.

بێگومان، ھۆکاری ئەم ناپاکی و شەڕەنگێزی و سفرکردنەوەی دەستەی دووەمە (المصلحون)، لەلایەن دەستەی یەکەمەوە (المفسدون)، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا (دەستەی دووەم) لە خەسڵەتی نەگۆڕیانە: (يُصلِحُون) چاکردنەوەی شێوێنراو، (يُصَحِّحُونَ) ڕاستکردنەوەی چەوتێنراو، وە (يَتَطهرُون) خاوێنکردنەوەی پۆخڵکراو . خۆ ئەگەر تەنھا بۆ خۆیان چاک (صالح) و بەئاگا (صاح)و  پاک (طاهر) بوونایەو ھەقیان بەسەر کۆمەڵگەوە نەبوایە، ئەوا ھەرگیز نە (پیلان)یان لەدژ دەگێڕا، وەنە (کودەتا)یان بەسەردا دەکرا.

بەڵام نا، قورئانی پڕخێر فەرمویەتی(يَتَطَهَّرُونَ)،بە کرداری تێنەپەڕ (المضارع)،  کەمانای نوێبوونەوەو بەردەوامی دەگەیەنێت، ئەوان ھەمیشە بۆ کۆمەڵگە (مُصلِح)و (مُصَحِّح)و (مُطَهِّر)ن،  وە ئەمە بۆ ئەوان بڕواو قەناعەت و مەبدەئی نەگۆڕەو پەسەندی لای خوای باڵادەستە. (الَّذينَ يَصِحُونَ حينَ يَفْسُدُ النَّاسُ/ حديث).

 ھەربۆیە باوەڕدارانی ئاوەزدار، ئەرخەیانن لەم ھەیقەتەو بە سنگفراوانیەوە پێشوازی لە دەرئەنجامی ئەم پرۆسە مەزنەیە دەکەن : (أَخْرِجُوهُم مِّن قَرْيَتِكُمْ إِنَّهُمْ أُنَاسٌ يَتَطَهَّرُونَ/ النمل: ٥٦). چونکە دڵنیان ئەوانەی ڕۆچون لە گەننەڵی، وە گەوزاون لە (فساد)دا، قەت توانای (ھەڵکردن و پێکەوەژیان)یان نییە لەگەڵ دەستەی (مصلح)و (مُصَحِّح)و (مُطَهِّر)ان دا، ھەربۆیە ھەمیشە لەدووی دەرفەتدا دەگەڕێن تاوەکو ئەم پیلانە لەدژیان جێبەجێ بکەن: (لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ)،ئەگەر لەبەریان بڕوات.

بەڵام خەیاڵیان خاوە، گەر سەریشبگرێت کاتیيە، چارەڕەشی و زەرمەندی ھەمیشەیی، وا بەڕێوە بۆیان: (وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللّهُ وَاللّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ)، وە تەنھا لەسەر مەودا وەستاوە.

 

هه‌واڵی گرنگ