بریکاری وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند: لە مانگی داهاتووەوە رێگە بە گەشتی عومرە دەدرێت، ئەوەش بە مەرجی وەرگرتنی ڤاکسین.
لەمبارەیەوە ھاشم سەعید، بریکاری وەزارەتی حەج و عومرە لە سعوودیە، لە لێدوانێکیدا رایگەیاندوە: "گەشتەکانی عومرە لە دەرەوەی وڵاتەوە لە رێککەوتی 10ی ئابەوە دەست پێ دەکات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە کە وەرزی عومرە دەستی پێکردووە و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێ دەکرێن و ئەو عومرەکارانەی، کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن، مەرجی وەرگرتنی ڤاکسینیان بۆ دانراوە.
ئەوەشی وتوە كە پێشتر ئەم مەرجەیان لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا بۆ سەردانیکردنی مزگەوتی پیرۆز لە مەککە و مزگەوتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە مەدینە داناوە و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو ڤاکسینەی كە وەرگیراوە لەلایەن عومرەکارانەوە، ھەمان ئەو ڤاکسینە بێت کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعوودیەوە پەسەندکراوە.
بریکاری وەزارەتی حەج و عومرە لە سعوودیە ئەوەشی خستەڕوو کە رۆژانە 20 ھەزار عومرەکار قبوڵدەکەن.