دیسان ئەمریكا دیبلۆماتكارە رووسییەكان دەردەكات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دیسان ئەمریكا دیبلۆماتكارە رووسییەكان دەردەكات

 

 

باڵیۆزی ڕوسیا بۆ ئەمریكا وتی واشنتۆن فەرمانی كردووە تاوەكو (3) ی مانگی نۆ 24 دیبلۆماتی ڕووسی ئەمریكا جێبهێڵن، ئەمەش ماوەیەكی كەم دوای ئەوەی ئەمریكا (200) كارمەندی ڕووسی لە دامەزراوە دیبلۆماتیەكەی لە ڕووسیا دەركرد.

ئەمانە نوێترین ڕێوشوێنەكانی دوو وڵاتەكەن كە بوونەتە هۆی خراپبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیاو ئەمریكا، بەڵام ئەمریكا ڕەتی كردەوە ئەم بڕیارەی وەكو تۆڵەسەندنەوە بووبێت.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست، باڵیۆزی ڕووسیا بۆ ئەمریكا ئەناتۆڵی ئانتۆنۆڤ وتی: باڵیۆزخانەكە لیستی ناوی (24) دیبلۆماتی ڕووسی بەدەست گەیشتووە كە دەبێت تاوەكو (3) ی مانگی نۆ ئەمریكا جێبهێڵن.

وتیشی: زۆربەیان بەبێ ئەوەی كەسێك بێتەوە شوێنیان وڵاتەكە جێدەهێڵن، چونكە ئەمریكا بەشێوەیەكی كتوپڕ پڕۆسەی پێدانی ڤیزای توند كردەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا (نێد پڕایس) هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام لێدوانەكانی ئانتۆنۆڤی لەسەر بارودۆخەكە ڕەتكردەوەو وتی : لێدوانەكانی هەڵەن.

وتیشی: دەركردنی ئەو دیبلۆماتكارانە هیچ پەیوەندییەكی نیە بە دەركردنی كارمەندە ناوخۆییەكانەوە لە دامەزراوە دیبلۆماتیەكەی ئەمریكا لە ڕووسیا.

پڕایس بە ڕۆنامەنووسانی وت : ڤیزای ڕووسییەكان لە ئەمریكا بۆ ماوەی سێ ساڵ كاری پێدەكرێت، كاتێك ڤیزاكان بەسەر دەچن، وەكو هەمووان دەزانن، ئەم كەسانە دەبێت وڵاتەكە جێبهێڵن یاخود داوای درێژكردنەوەی ماوەی ڤیزاكانیان بكەن، ئەمە بابەتەكەیە.

ئانتۆنۆڤ وتی: لە دوای كۆبوونەوەكەی مانگی شەشی نێوان سەرۆكی ئەمریكا (جۆو بایدن) و سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادیمێر پۆتین) ەوە لە جنێڤ، بارودۆخی باڵیۆزخانەكانی دوو وڵاتەكە هیچ نەگۆڕاوە.

ئانتۆنۆڤ وتی: ئەركی دیبلۆماتی ڕووسیا لە ئەمریكا هێشتا ناچاركراوە لەژێر هەندێك كۆتوبەندی بێپێشینەدا كاربكات كە نەك تەنها هێشتا چاڵاكن بەڵكو زیاتریش كراون.

چاوپێكەوتنەكەی ئانتۆنۆڤ چەند ڕۆژێك دوای ئەوە هات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، (182) كارمەندی ناوخۆیی لە دامەزراوەی دیبلۆماتی ئەمریكا لە ڕووسیا دەردەكات، ئەوەش دوای ئەوەی كرێملن لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا وەرگرتنی كارمەندانی ناوخۆیی لە باڵیۆزخانەكەی لە ئەمریكا قەدەغەكرد، ئەوەش وەكو وەڵامێك بۆ دەركردنی دیبلۆماتكارە ڕووسییەكان لەلایەن ئەمریكاوەو داخستنی ژمارەیەك زۆر لە دامەزراوە دیبلۆماتییەكان لەلایەن هەردوو وڵاتەوە.

دەركردنی دیبلۆماتكارە ڕووسییەكان لە چوارچێوەی سزاكانی ئەمریكادا بوون بۆ سەر ڕوسیا، كە بەهۆی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ساڵی (2020) ی ئەمریكاو ژەهراویكردنی سیخوڕی پێشووی ڕووسیا لە بەریتانیاو دەستگیركردنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئالێكسی ناڤاڵنی و سەركوتكردنی لایەنگرانی و هەروەها هێرشە ئەلیكترۆنیەكانی ڕووسیا بۆ سەر دەزگا فیدڕاڵییەكانی ئەمریكادا سەپێندراون، سەرجەم ئەم چاڵاكیانەش لەلایەن ڕووسیاوە ڕەت كراونەتەوە.

دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەكردنەكە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ڕووسیا خزمەتگوزاری ڕاوێژدانی ڕاگرت و لە مانگی پێنجەوە ڤیزای كۆچكردن تەنها بە حاڵەتی ژیان و مردن دەدات.

ڕاگرتنی خزمەتگوزاری ڕاوێژدان كۆسپی خستە بەردەم خاوەن كارەكانی ڕووسیاو خوێندكارەكان، چونكە چیتر ناتوانن ڤیزای ئەمریكا لە ڕووسیا وەربگرن.

 

هه‌واڵی گرنگ