هەڵبژاردنەکان و سیستمی کورسی کۆتا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەڵبژاردنەکان و سیستمی کورسی کۆتا

 

 

 

 

گومانی تێدا نییە هەڵبژاردن پێوەرەکی گرنگی ڕواڵەتی سیستمی دیموکراسی و دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵاتە . هەڵبژاردن ئەوکات بەهاداردەبێ کە ( هەیئەت ، دەستە ، ئەنجوومەنە)ە هەڵبژێردراوەکە رەنگدانەوەی پێکهاتەو و خواستی گەل بێ بەتایبەت لە وڵاتە فرەپێکهاتەکان، دەبێ لانی کەمی بوونی نوێنەری هەموو پێکهاتەکان گرەنتی بکات .

بۆیە سیستمی کورسی کۆتا وەک چارەسەرێک بۆ زامن کردنی بوونی پێکهاتەکان یان کەمایەتی و رەگەزەکان داهێنرا . بەڵام ئەم داهێنانە مرۆڤ کردە هێشتا خاڵی نییە لە کێماسی و دەستوەردانی ئەملاو ئەولا ، بۆ نمونە لە عێراق و کوردستانیش دوو جۆر کورسی کۆتا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیڕەو دەکرێ .

یەکەم بۆ نوێنەرایەتی ژنان ، دووەم بۆ نوینەرایەتی پێکهاتەکان وەک کریستیان ، ئیزدی، فەیلی ، شەبەک ئەرمەن ، تروکمان . ئامانجەکەش زۆر باش و بەهادارە . بەڵام هۆکارەکان قسەی زۆر هەڵدەگرن. بۆ نموونە کۆتای پێکهاتەکان بۆ ئەوە دانراوە کە ئەم پێکهانە ئەگەر بخرێنە ناو کێبڕکێی کورسی گشتی ناتوانن تەنها یەک کورسیش ببەنەوە چونکە دابەشکاری بازنەکان و سیستمی دابەشکاری دەنگ بۆ کورسی و شێوازی کاندید بوون وادەکا نرخی کورسی گران بێ و پێکهاتەکان نەتوانن کورسی ببەنەوە. بەڵام کە سەیری وەردەکاری هەڵبژاردنەکان و میکانزمەکانی دەکەین دەبینین هێشتا کورسی کۆتا نەیتوانیوە وەک پێویست خزمەتی پێکهاتەکان بکات ، چونکە هێز و حزبە گەورەکان دەستوەردان لە هەڵبژاردنی کورسی پێکهاتەکان دەکەن و کاندیدی خۆیان بەناوی پێکهاتە و بەدەنگی کەم سەردەخەن ، کەواتە دەرەنجام لەبری ئەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان نوێنەرایەتی پێکهاتەکە بکات ، نوێنەرایەتی پێکاتە دەکات لەناو حزبە گەورەکان . ئەمەش دوجار دوو خاڵی لاواز دەداتە پاڵ پێکهاتەکان.

یەکەم نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکان ناگاتە ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکە .

دووەم نوێنەی دەرچوو دەبێتە پاشکۆی سیاسی حزبە گەورەکەو ناتوانی لەدەرەوەی فەزای سیاسی ئەو حزبە بڕیار بدات .

بۆیە لەسەر یاسادانەری عێراقی و کوردستانی پێویستە بەیاسا زامنی گەیشنی کەسی شیاوی پێکهاتەکان بکات بۆ کورسی خۆیان . هەروەها لەسەر کۆمسیۆنە میکانزم و هۆکاری گونجاو بگرێتە بەر تا دەستی حزبە گەورەکان بگرێ لە دەستوەردان و یاری بەچارەنووسی کاندید و کورسی پێکهاتەکان ، لەوانە جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ، جیاکردنەوەی رۆژی دەنگدان ، جیاکردنەوەی بازنە بۆیان یان هەر رێکارێک کە گرەنتی ئامانجەکە بکا لە دانانی سیستمی کۆتا .

 

 

هێمن ئەسکەندەر   ... بەرپرسی دەزگا هەڵبژاردنی یەکگرتوو

 

هه‌واڵی گرنگ