پێنج پرسیاری گرنگ دەربارەی منداڵی ساوا هەیە كەوا دەكات لەكاتی پێویستە منداڵەكە ببرێتە لای پزیشكی پسپۆر.
1. بڕی شیری پێویست بۆ منداڵی تازە لەدایكبوو :
- شیری دایك لەیەكەم چوار مانگی تەمەن زۆر گرنگەو پێویستە هەركات منداڵەكە ویستی پێیبدرێت و لەهەر شیردانێك مەمك بەتەواوی بدرێت و هیچی تیانەمێنێت لەماوەی (15 – 20) خولەك و هەر ئەوەشە وادەكات بڕی شیری دایك زۆرتربێت.
- شیری قوتو بە پێی تەمەن و كێشی منداڵ دەگۆرێت، بۆ نموونە هەر منداڵێكی تازە لەدایك بوو ئەگەر كێشی لەنێوان (2.7 – 4) كیلۆگرام بوو پێویستیان بە (380 – 620) ملیلیتر دەبێت لەرۆژێكدا، هەموو (2 – 3) كاتژمێر جارێك پێویستیە پێیان بدرێت، یەك رەقەم شیر یەكسانە بە (30) ملیلتر واتا (620) ملیلتر یەكسانە بە (20) رەقەم لەماوەی (24) كاتژمێر.
2. چۆنیەتی نوستنی منداڵی ساوا ؟
پێویستە زۆر وریای نووستنی منداڵی ساوا بیت لەیەكەم ساڵی تەمەنی
پێویستە لەسەر پشت بخەوێت و نەهێڵێت لەسەردەم یان لەسەرلا بخەوێت، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە منداڵ لەسەردەم رێرەوی هەناسەی بگیرێت و تووشی مردنی لەناكاو ببێت یەتایبەت لەخوار تەمەنی (6) مانگی.
3. گرنگیدان بەناوكی منداڵی ساوا
- ناوكی منداڵی ساوا لەماوەی هەفتەی یەكەمی ژیانی پێویستە بەوشكی بهێڵدرێتەوەو رێگە نەدرێت تەربێت یان دایبی منداڵەكە بچێتە سەری و تووشی هەوكردن ببێت.
- لەدوای هەفتەی یەكەم ناوكی منداڵەكە دەكەوێت و هەندێ جار دەمێنێتەوە تاكو هەفتەی سێیەم.
- بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەسپرین و پاراسیتۆڵ و بۆدرە بخرێتەت سەری یاخود دابپۆشرێت بەكلێنس و باشتر وایە دیاربێت و هەوا لێی بدات.
4. كوتان لەهەفتەی یەكەمی منداڵی تازە لەدایكبوو:
- لەكاتی لەدایكبوون چی بەسروشتی بێت یاخود نەشتەرگەری پێویستە هەموو منداڵێك ڤیتامین K وەربگرێت بۆ ئەوەی رێگە لە خوێن بەربوون بگیرێت.
- كوتانی دژە هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری B
- كوتانی دژە سیل
- كوتانی دژی ئیفلیجی منداڵان
5. كێشی منداڵی تازە لەدایكبوو
كێشی منداڵی ئاسایی تازە لەدایكبوو لەنێوان (2.5 – 4) كیلۆگرام دەبێت، ئەگەر ماوەی دووگیانی دایكەكە (37 – 40) هەفتە بووبێت.
زۆربەی ئەو منداڵانەی كێشیان لەخوار (2.5) یان سەرووی (4) كیلۆگرام دەبێت رووبەرووی كێشەی تەندروستی دەبنەوە.
(د.گەوهەر سەمەد – پزیشكی پسپۆری منداڵان)