رۆژانە بایەخدان بە خواردنەوەی ئاو کارێکی پێویستە بۆ تەندروستهێشتنەوەی جەستە و باشترکارکردنی ئەندامەکان بەتایبەت پێست، توێژینەوەیەکی نوێ سوودێکی دیکەی خواردنەوەی ئاو لەسەر تەندروستیی ئاشکرادەکات.
پزیشکانی پەیمانگەی ئەمریکی تایبەت بە دڵ، سییەکان و خوێن توێژینەوەیەکی کردووە لەبارەی سوودەکانی ئاو لەسەر تەندروستیی دڵ و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
لە توێژینەوەکەدا 16 هەزار کەس بەشداریان کردووە و ماوەی 25 ساڵە بەدواداچوونییان بۆ دەکرێت.
د. ناتالیا دمیتریڤا، یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، خواردنەوەی ئاو بەپێی پێویست یارمەتیدەرە لە رێکخستنی هاوسەنگی خوێ و هۆڕمۆنەکان لە جەستە و باشتر کارکردنی گورچیلەکان هەموو ئەوانەش سەرەنجام مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەتایبەت سستبوونی دڵ کەمدەکەنەوە.
پزیشکە ئەمریکییەکان بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی رۆژانە خواردنەوەی ئاو پشتگوێ ناخەن مەترسیی تووشبوونیان بە سستبوونی دڵ کەمترە بە بەراورد بەوانەی زۆر گرنگی بە ئاو خواردنەوە نادەن.