ماوەی ساڵێك درا بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی كۆتایی بە داگیركارییەكانی بهێنێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ماوەی ساڵێك درا بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی كۆتایی بە داگیركارییەكانی بهێنێت


سەرۆكی فەڵەستین ڕایدەگەیەنێت: لە ئەگەری شكستھێنانی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ پرسی ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەوە یان بژاردەی گەڕانەوە بۆ بریاری دابەشكردنی ژمارە ١٨١ی ساڵی ١٩٤٧ یان چارەسەری یەك دەوڵەتی لەسەر خاكی فەلەستین كە ھەموو كەسێك خاوەنی مافی سیاسیی یەكسانی دەبێت.

مەحموود عەباس سەرۆكی فەڵەستین لە شاری رامەڵڵا لە كەناری رۆژئاوای داگیركراوەوە، لە رێگەی پەیامە ڤیدیۆوە گوتاری پێشكەشی كۆبوونەوەی خولی حەفتا و شەشەمینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە شاری نیویۆرك، كرد.

مەحموود عەباس، جەختی لەوە كردەوە كە ئیسرائیل، پابەندی ئەو رێككەوتنانە نەبووە كە واژۆ كراون و خۆی لە سەرجەم ھەوڵەكانی ئاشتی شاردووەتەوە و گوتی: "ماوەی یەك ساڵ دەدەین بە وڵاتی داگیركار كە كۆتایی بە داگیركارییەكانی لە سنوورەكانی ساڵی ١٩٦٧ بە رۆژھەڵاتی قودسەوە، بھێنێت. لەم ماوەیەدا، لەژێر چاودێری چوارینەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست (رووسیا، ئەمریكا، یەكێتی ئەورووپا، نەتەوەیەكگرتووەكان) ئامادەی دیاریكردنی سنوور و چارەسەر تەواوی كێشەكانین. بەپێچەوانەوە، بۆچی بەردەوام بین لە ناسینی ئیسرائیلێك لەسەر سنوورەكانی ١٩٦٧؟".

سەرۆكی فەڵەستین، مەحموود عەباس، جەختی لەوە كردەوە كە گەلی فەڵەستین، بەردەوامی بە خەباتی خۆیان دەدەن بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووس و وەرگرتنەوەی مافەكانیان و گوتی: "ئالتەرنەتیفەكان بۆ گەلەكەمان كراوەیە، كە بژاردەی گەڕانەوە بۆ بریاری دابەشكردنی ژمارە ١٨١ی ساڵی ١٩٤٧ـە كە سەدا ٤٤ی خاكی دێرینی فەڵەستینی دا بە فەڵەستینییەكان، كە دەكاتە دوو ھێندەی خاكەكەی ساڵی ١٩٦٧".

مەحموود عەباس، سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا كە گەلی فەڵەستین، بەردەوامی ئیسرائیل لەسەر ھەوڵەكانی بۆ پتەوكردنی داگیركاری و سیاسەتی دەوڵەت لەسەر بنەمای جیاكاری نەژادی قبوڵ ناكەن و وتی: "لە بەرامبەر ئەمەدا، راستییەكان و پێشھاتەكانی سەر ئەرز، ژیان لەژێر بنمیچەی یەك دەوڵەت، كە ھەموو كەسێك خاونی مافی سیاسیی تەواو و یەكسان دەبێت لەسەر خاكی دێرینی فەڵەستین، دەسەپێنێت".

عەباس، وتیشی: "دەبێت ئسیرائیل ھەڵبژێرێت. ئەمە بژاردەكانی بەردەستین و ناچارن ھەڵبژێرن".

 

هه‌واڵی گرنگ