ڕازى مەبن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

خۆپیشاندانەکانى ئێوەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان هۆکاربوون بۆئەوەى کە تەوەرێکى گرنگى کۆبوونەوەى ڕۆژى (٢٤ى نۆڤەمبەرى ٢٠٢١)ى ئەنجومەنى وەزیران تایبەت بێت بە داواکارى و داخوازییەکانتان بەڵام ئەو بەناو ئەنجومەنە نەیتوانى لە ئاست داواکاریەکانتان بێت چونکە تەنها بڕیاریدا بە تەرخانکردنى بڕێک پارە بۆ چارسەرکردنى گرفتى بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنى  حزمەتگوزارى، ئەوەى جێگەى تێڕامانە بەپێى زانیارییە بڵاوکراوەکان بڕیاردراوە لەو مینحە دابینکراوە هاوکارى خوێندکارانى کەمدەرامەت بکرێت!، دواى ئەم بڕیارە لەرزۆکە هەرچییەک ڕووبدات هەر دەبێت دەسەڵات خۆى بەرپرسیارییەتى هەڵبگرێت چونکە بەهیچ شێوەیەک وەڵامى خوێندکارانى خۆپیشاندەر نەدراوەتەوە، ئەم بەرپرسیارییەتیە  بەرپرسیایەتییەکى دەستە جەمعیە بۆ کۆى بەشداران لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان چونکە بڕیارەکە بە هەموویان دراوە و لە ئەنجومەن تێپەڕیوە.

ڕووى قسەم لە خوێندکارە ئازیزەکانە هەرگیز بەو بڕیارە ڕازى مەبن چونکە حکومەت چۆن جیاوازى گەورەى چینایەتى دروستکردوە لەسەر ئاستى کۆمەڵگە بەشێوەیەکى گشتى ئاوەهاش دەیەوێت جیاوازى چینایەتییەکە لە ناوتاندا تۆختر بکاتەوە کە ئەمەش دەرەنجامى نێگەتیڤى بۆ سەر خودى خۆتان دەبێت و لەڕووى دەروونییەوە کاریگەرى سلبى دەبێت بۆسەر ئەو خوێندکارانەى کە وەکو کەمدەرامەت دیاریبکرێن هەرچەندە لەسایەی (٣٠) ساڵى حوکمڕانى هەردوو پارتى بنەماڵە کاریگەرى زۆر گەورەتر دەرکەوتوون وەکو  نەمانى ئینتیما بۆ نیشتمان و خاک و نەتەوە، هەروەها لێکهەڵوەشاندنەوەى خێزان و کۆچکردنى لەڕادەبەدرى خەڵکى بۆ دەرەوەى وڵات بە ئامانجى دروستکردنى ژیانێکى شایستە و مرۆڤانە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان.

جێگەى وەبیرهێنانەوەیە حیزب چۆن هەموو کایەکانى ژیانى تاک بە تاکى ئەم هەرێمەى داگیرکردوە بەهەمان شێوە و بگرە زۆر زیاتریش دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا چ زانکۆکان بێت یاخود پەیمانگاکان لەلایەن ڕێکخراوە خوێندکارییەکانى هەردوو پارتى دەسەڵاتەوە قەتیس کراوە و چییان بوێت ئەنجامى دەدەن بەواتایەکیتر زانکۆکان گیرۆدەى دەستى حیزب و ڕێکخراوە خوێنکارییەکانیانن و کاریگەى تەواویان هەیە لەسەر بڕیارەکانى زانکۆ، مەبەستمە بە خوێندکاران بڵێم لە ئەگەرى ڕازی بوونتان بە بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیران ئەوەشتان لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت کە ئەو کەسە کەمدەرامەتانەى کە دیاریدەکرێن ئەو یارمەتییە بیانگرێتەوە لەلایەن هەردوو ڕێکخراوى کۆمەڵەى خوێندکاران لە زۆنى سەوز و یەکێتى قوتابیان لە زۆنى زەرد دیاریدەکرێن، کە گومانى تێدا نییە زۆربەى ئەو کەسانەى کە دیاریدەکرێن کەسانى شایستە نابن بەڵکو ئەو کەسانە دەبن کە ئەندام یاخود لایەنگرى ڕێکخراوەکانى خۆیانن، کەواتە ئەم بڕیارەش لە دەرەنجامدا هەر خزمەت بە هەردوو حیزبى حوکمڕان دەکات.

خوێندکارانى ئازیز بیرتان نەچێت ئێوە داینەمۆن بۆ گۆڕانکارى گەورە لە وڵاتدا بۆیە ئێستا کاتى ئەوەیە کە سەقف یاخود میچى داواکارییەکانتان بۆ زیاتر لەوە بەرزبکەنەوە کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوو هەتانبوو لەسەرووى هەموویانەوە  دەست لەکارکێشانەوەى کابینەى وزارى حکومەت و گۆڕینى سیستمى سیاسى لە وڵات و دورخستنەوە و بڕینى دەستى حیزب لە زانکۆ و گشت دامودەزگا دەوڵەتییەکان چونکە هەر ئەوانن دەستیان خستوەتە بینەقاقاى میللەت و گیرۆدەى جۆرەها قەیرانیان کردووە.

 

هه‌واڵی گرنگ