شێرەکانی وڵاتی خۆتان ڕاو مەنێن ، باسبەینێ گورگەکانی دوژمن نەتانخوات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شێرەکانی وڵاتی خۆتان ڕاو مەنێن ، باسبەینێ گورگەکانی دوژمن نەتانخوات

 

 

 

~~~~~~~~~~~~~~~~

بەداخەوە بۆ بێ تەوفیقی ئەم دەسەڵاتە سێ جەمسەریەی هەرێم ، کە پەند لە هەڵەکانی خۆی و خەڵکیش وەرناگرێ.

من ئەپرسم : ئایا دەسەڵاتێک ئەگەر لەخەمی داهاتوی قەوارەی هەرێم و چەسپاندنی پایەکانی و گەورەکردنیدا بێ ، چۆن ئاوا مامەڵە لە گەڵ چینی گەنجاندا دەکات؟! ئەی مەگەر بڕیار نیە ئەوان بنەماو کۆڵەکەی پاراستن و گەشەپێدانی

وڵاتەکە بن ؟!

بەڕاستی گەنجان و قوتابیان دەبوایە ئەولەویەتیان پێ بدرێ و پڕ ئومێد بکرێن ، نەک برسی و ڕووت و ڕەجاڵ و نائومێد..

ئەبوایە لەو کاتەوە قەیرانی ئابوری نەماو باری دارایی هەرێم باشبوو ، حکومەت خۆی دەسپێشخەریی بکاو پڕۆژەی هەبێ بۆ گەنجان و هەلی کاریان بۆبڕەخسێنێ و دەرماڵە بۆقوتابیانی زانکۆو پەیمانگەکان بگێڕێتەوەو لەگەڵ سوپاسکردنیاندا، داوای لێبوردنیشیان لێ بکات کە چەند ساڵە لێی بڕیون و گیرفان بەتاڵی کردون..

ئاخر خۆخێریان پێ ناکات ،ئەوان خەڵکی ئەم هەرێمەن و باب و باپیریان ڕەنجیان بۆداوەو ماندو بوون لەپێناویدا ، بۆیە خاوەن مافن و پشکیان هەیە لەداهات و خێراتی وڵاتەکە .

بێگومان ئەگەر زووتر حکومەت وای بکردایەو لای خێری لەگەنجان و قوتابیان بەگشتی و قوتابیانی زانکۆ بەتایبەتی بکردایەتەوە ، ئەوەندە بێ ئومێدو بێ متمانە نەدەبوون و نە ملیان لە چارەنوسی نادیار دەنا و کۆچیان دەکرد ،تاکو هەر ڕۆژەی تەرمی ژمارەیەکیان لەدەریاکان دەربێنن، نە خۆپیشاندانی لەو جۆرەیان لەدژی دەسەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدا.

ئاخر ئەگەر گەنجەکان نائومێدو ڕەشبین بن و سەری خۆیان هەڵگرن و وڵات بەجێ بهێڵن ، سبەینێ کێ بەرگری لەگەل و نیشتمانەکە دەکات؟!

بۆیە تاکو زوو دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێم دەرک بەم ڕاستیانە بکات ،هێشتا هەرکەمە.

 

هه‌واڵی گرنگ