ڕاوێژکارێكی یاسایی و شارەزا لە بواری یاسا لە نوسینێکدا چوار کێشە لە گرێبەستی ئەلکترۆنیدا دەخاتەڕوو ،دەشڵێت بە داخەوەم ... بە چ ئاستێک گەیشتووین .
لەمبارەیەوە عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژکاری یاسایی و شارەزا لە بواری یاسا لە نوسینێکدا چوار کێشە لە گرێبەستی ئەلکترۆنیدا دەخاتەڕوو کە لە لایەن وەزارەتی دادی هەرێمەوە گرێبەستەکە بە نایاسایی دادەنرێت.
دەقی نوسینەکەی ناوبراو/
ئیشکالیەتەکە لە کوێدایە ؟
یەکەم: رێنمایی ژمارە (3)ی ساڵی 2021 ی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی گرێبەستی ئەلەکترۆنی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (262) لە رێکەوتی 18/2/2021 بڵاو کراوەتەوە کە رۆژنامەکە لەلایەن وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستانەوە دەردەچێت .
دووەم: لەماددەی (3) لە یاسای بڵاوکردنەوە لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) ژمارە (4)ی ساڵی 1999 دا هاتووە کە ئەوەی لەو رۆژنامەیە بڵاودەکرێتەوە بە دەقی رەسمی و باوەڕپێکراو دادەنرێت …
سێیەم: بە گوێرەی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێویستە وەزارەتەکانی لە کاتی دەرکردنی رێنماییدا، پێش بڵاوکردنەوەی وێنەیەک بدەنە ئەنجومەنی شورای هەرێم بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی لەرووی یاساییەوە کە ئەم ئەنجومەنەش سەر بە وەزارەتی دادی هەرێمە .
چوارەم: وەزارەتی دادی هەرێم بەنوسراوی ژمارە ٢٠/١٩٠ دەڵێت : گرێبەستی ئەلیکترۆنی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل پێچەوانەی بەشی "٥"ی بڕگەی (١)ی یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ی هەموارکراوە. هەروەها پێچەوانەی دەقی مادەی (٤٦)ە لە یاسای دادنوسی ژمارە (٣٣)ی ساڵی ١٩٩٨ی هەموارکراوە و هەروەک دژی یاسای شارستانی عێراقی ژمارە 40ی ساڵی 1951ی هەموارکراوە، کە هەرکەسێک مافی پێدانی بریکارنامەی هەیە بە یەکێکی تر کە کارەکانی یاسایی پێ بکات.
بە داخەوەم ... بە چ ئاستێک گەیشتووین