د.شێرکۆ جەودەت: کشانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەرئەنجامی هەڵەی ستراتیجی حکومەتی هەرێمە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

د.شێرکۆ جەودەت: کشانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەرئەنجامی هەڵەی ستراتیجی حکومەتی هەرێمە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو رایگەیاند، کشانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەرئەنجامی ئەو هەڵە ستراتیجی و هەنگاوە هەڵانەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانن کە کردوویانە بۆ رێکنەکەوتن بە پێی دەستوور و لێدوانە قورس و توڕەکەرەکانی بەرپرسانی هەرێمە بۆ عێراق.

د.شێرکۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو رایگەیاند، کۆمپانیا نەوتییەکان هەستیارن بەرامبەر داهاتوو و دۆخی ئاسایشی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە کاتی کشانەوەی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکییەوە کشانەوەی کۆمپانیاکان دەستی پێکردووە، چونکە ئەو کۆمپانیانە زانیاری وردیان هەیە.

وتیشی، راستە هەندێک کۆمپانیا کشانەوەیان راگەیاندووە، بەڵام بەشێکی ترش پابەند نەبوونیان بە بڕیارەکەی دادگای باڵای ناوەندی عێراق راگەیاندووە.

د.شێرکۆ جەودەت لەبارەی جوڵە پێکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیشەوە وتی، راستە تا ئێستا لە رووی سەربازیەوە نە سوپای عێراق و نە هێزی پێشمەرگە هیچ مەترسییەکیان رانەگەیاندووە، بەڵام ئایا ئەو کاتیۆشایانە لە کوێوە سێ جار کێڵگەکانی کردە ئامانج؟

باسی لەوەشكرد، تا ئێستا هەنگاوی سەربازی نەدراوە و دیار نیە کێ ئەو هێرشانەی کردووەتە سەر کێڵگەکان و لە رووی سەربازییەوە هاوپەیمانان بە ئاسانی دەتوانن بزانن کێ ئەو هێرشانەی کردووەتە سەر کۆرمۆر.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی NRT لەبارەی سزا یاساییەکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکان لە کاتی کشانەوەیان لە هەرێم رایگەیاند، بە گوێرەی گرێبەستەکانی دابینکردنی ئاسایشی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە و لە کاتێکدا هەرێم ئاسایش ناپارێزێت کۆمپانیاکە بەو هۆکارە کارەکانی رادەگرێت و رووبەڕووی سزا نابێتەوە، بەڵام ئەگەر بە بێ هۆ پاشەکشەبکات سزا دەدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا کۆمپانیاکان دوو هۆکاریان هەیە بۆ پاشەکشەکردن لە هەرێم ئەوانیش تێکچونی باری ئەمنی و بڕیارەکەی دادگای ناوەندی کە دوو ئەندامی کوردی تێدایە و هەرێمی کوردستانیان تاوانبار کردووە بە نادەستوریبوونی کارە نەوتی و گازییەکانی.

ووتیشی، لە ئێستادا سەنگی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێم کاردەکەن لە بازاڕی بۆرسەی جیهاندا دابەزیوە بە هۆی ئەوەی لە هەرێم کاردەکەن و بە پێی یاسای عێراقی کارکردن لە نەوتی هەرێمدا نا یاساییە و لە دادگا نێودەڵەتییەکاندا ئەو کۆمپانیایانە کاری نا دەستوری دەکەن و رەنگە حکومەتی عێراق کارەکانیان بە قاجاخچێتی لە قەڵەم بدات و لە ناوچەکانی تری عێراق کارەکانیان رادەگرن و ئەو کۆمپانیانەش نایانەوێت ئەوە رووبدات و ئامادە نین دۆسیەی خۆیان بکەنە لیستی رەشەوە و کارەکانیان بە نایاسایی لە قەڵەم بدرێت.

لەبارەی مەترسییەکانی سەر کێڵگەی خورمەڵەشەوە، شێرکۆ جەودەت ووتی، 49% نەوتی هەرێم لەو کێڵگەیەدایە و لە لایەن کۆمپانیای کاری کوردییەوە بەڕێوە دەبرێت و لە دوای کۆرمۆر خورمەڵە مەترسی لەسەرە.

ئاشکراشی کرد، ئەگەر 49%ی نەوت لە خورمەڵە لە ژێر مەتیسیدا بێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە 51% دیکەش بکشێنەوە مەترسییەکی گەورەیە و کەس ئامادە نیە بەرگری بکات لەو کێڵگانەی چەندان ساڵە لە لایەن چەند کەسێکەوە دەستی بەسەردا گیرابێت، بۆیە ئەم دۆخە پێویستی بە یەک ریزی و ژیری هەیە بۆئەوەی نەوت و گازی هەرێم لە دەستی ئەو چەند کەسە دەربهێندرێت کە تەنها بۆ خۆیانیان قۆرخکردووە.

جێی باسە، لەماوەی رابردوودا سێجار بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی سروشتی و بیرە نەوتەکانی کۆرمۆر و لەچەند رۆژی رابردوودا هەریەک لە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەرە و ئەو ناوچەیە جوڵەیان پێکرا.

هاوکات، دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی نادەستوری بوونی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم و پابەندکردنی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بە بڕیارەکەیەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کە لەهەرێم سەرقاڵی دەرهێنانی نەوتبوون کارەکانیان لە هەرێم راگرت.

 

هه‌واڵی گرنگ