مەبەست لە دەستەواژەی ئاینی و سیاسی
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

مەبەست لە دەستەواژەی ئاینی و سیاسی

لەزۆر جێگادا بۆ جیاكاری لە ڕەهەندەكانی كاری ئیسلامیدا، دەستەواژەی بانگەواز‌و سیاسەت بەكاردەهێنرێت، ئێمە لەمەڕ ئەو ەستەواژەیە ناكۆكین، چونكە سیاسەتیش بە مەودا فراوانەكەی بانگەوازە بەشێویەەك لە شێوەكان، بۆیە یان دەبێت بوترێت حیزبایەتی‌و بانگەواز، یا، ئایینی‌و سیاسی، كە من ئەمەی دوەمیان لێرەدا بەدروستتر دەزانم، ئەگەر لە هەندێ بەكارهێنانیشدا حیزبایەتی‌و بانگەواز گونجاوە، لەم بابەتە كورتەدا ڕونكردنەوەی ئەو چەمكانە مەبەست نین بەڵكو تەنها مەبەستمان تیشك خستنە سەر دەستەواژەی ئایینی‌و سیاسییە..

ئیسلام ئاینێكی گشتگیرە، بەرنامەی ژیانە، وەك مەسیحیەت یان ئاینەكانیتر نیە تەنها بواری دینداری پەیوەست بە قیامەتەوە جیگای گرنگی پێدانی بێت، حكومەتداری و سیاسەتكردن بەشێكە لە ئیسلام، ئیسلام ئاینێكی ڕوتی (باوەڕی، ڕەوشتی، قیامەتی) نیە، دونیاو دینی وەك دولای تەواوكەری ژیان پێكەوە گرێداوە، واتە لە ئیسلامدا ئاینو كاروباری دونیاو ژیان یەك پارچەی یەكبو نین، بەڵكو ئیسلام وەك ناوی كۆتا نیگای خوایی بۆ مرۆڤ، (ئیسلام) بەواتا گشتیەكەی هەمو ئەو پارچانەی ژیان و بونی ئاوێتە كردوە لە چوارچێوەی قورئان و سوننەدا. هەر بەم شكڵە پێشەوای شەهید حەسەن بەننا لە خاڵی یەكەمی بیست ئەصڵەكەیدا، لە پەیامی تەعالیم، دەفەرموێت: (ئیسلام سیستمێكی گشتیە كۆی دیاردەكانی ژیان دەگرێتەوە، بەشێكی دەوڵەتەو بەشێكی عەقیدەیەو بەشێكیتریش عیبادەتەو. )كەواتە ئاین بە واتایەك لە واتاكان (واتا كورتە تایبەتەكەی) بەشێكە لە ئیسلام، هەروەك چۆن دەوڵەت بەشێكیتری ئیسلامە، بۆیە بە ئیسلام دەوترێت ئاینێكی گشتگیر.
ئەم چەمكە بەم شێوە ڕونكردنەوەیە زانایان لە ڕابوردو بیریارانی ئیسلامی هاوچەرخیش باسیان كردوە. شەهابە دین قەرافی، باس لە بەرژەوەندیەكانی ڕۆژی دوایی دەكات، بەرامبەر ئەوانەی پەیوەندی بە ململانێی دونیاوە هەیە، وەك دو جەمسەری یەك هاوكێشە.
ئیمامی حەرەمەین جوەینی، وەصفی (كاروباری ئاینی، ئیشوكارە ئاینیەكان)بەكار دەهێنێت وەك یەكێك لە پێوەرەكانی هەڵسەنگاندن لەكاتی دانانی بەرپرسێك بۆ پێگەیەك لە پێَگەكان، بەرامبەر فەرمانڕەوایو دەسەڵاتدارێتی. لە نوێیەكانیش، یاساناسی گەورە عەبدولقادر عۆدە، لە كتێبی (ئیسلام لە نێوان نەزانینی نەوەكانی و بێتوانایی زاناكانی) دەڵێت: ئەو حوكمانەی كە ئیسلام هێناویەتی دو بەشن، بەشێكیان مەبەست لێی بەجێهێنانی ئاینە، ئەمەش ئەوانە دەگرێتەوە كە پەیوەندی بە باوەڕو پەرستشەكانەوە هەیە، بەشێكیترشی ئەوانەن كە بۆ ڕێكوپێك كردنی دەوڵەتو كۆمەڵن، وە داڕشتنی پەیوەندی نێوان تاكەكانو گروپەكان هەروەها پەیوەندی تاكەكان لە نێو خۆیاندا، ئەم بەشە ئەو حوكمانە دەگرێتەوە لە بوارەكانی مامەڵەكردن و سزادان و كاروباری كەسێتی و دەستوری و نێودەوڵەتیدا) پاشان شەهید عۆدە بە ڕونتر خانەكانی ئاینو دەوڵەت لە ئیسلامدا لە یەك جیادەكاتەوە و دەڵێت:هەروەك چۆن ئاین بە شێكە لە ئیسلام ئەوا دەوڵەت بەشەكەیتریەتی، بەڵكو بەشە گرنگەكەیەتی).
كەواتە كاتێك دەوترێت بە ئیسلام ئاین، ئەوە بەواتا فراوانەكەیەتی كە هەمو ژیان دەكات بە عیبادەت بۆ خوا، لەسەرجەم بوارەكانی یاسایو دادپەروەری و ئابوری و سیاسی و ئازادیەكاندا، هەروەك چۆن بەواتا تایبەتەكەی لە بواری باوەڕو پەرستشە فەرزكراوو سونەتەكاندا. زانایانی مەرامەكانی شەریعەتیش ئایینییان وەك یەكێك لە مەرامەكانی شەریعەتی (ئیسلام) داناوە..
ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئێمەیە لەبەكارهێنانی دەستەواژەی (ئایینی و سیاسی)، واتای دوەمی ئایینە، نەك بەواتا فراوانەكەی، ئەمەش تەنها بۆ ڕیزبەندكردن‌و شیكاری‌و جیاكارییە لەواقیعی ژیاندا، نەك دابەشكردنی لە باوەڕ پێهێنانیدا، ئاین وەك ئەندامێك لەجەستەی ئیسلامدا وە سیاسەتیش وەك ئەندامێك لەجەستەی ئیسلامدا، بەهەمو بوارەكان ئیسلام پێكدێت، هەر لێرەوەش دەوترێت ئیسلام میتۆدێكی گشتگیرە.

 

هه‌واڵی گرنگ