لە یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا و لە کۆمەڵەی چوارەمدا، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیندۆنیزیا لە یاریگای ئەحمەد بن عەلی مۆندیالی لە وڵاتی قەتەڕ رووبەڕووی یەکبونەوە.
لە تایمی یەکەمدا و لە خولەکی 17 موهەنەد عەلی گۆڵێکی بۆ عێراق تۆمارکرد و لە خولەکی 37 مارسیلینیۆ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام لە خولەکی زیادکراودا ئوسامە رەشید گۆڵی دووەمی عێراقی تۆمارکرد.
لە تایمی دووەمدا و لە خولەکی 75 ئەیمەن حسێن گۆڵی سێیەمی عێراقی تۆمارکرد و سەرەنجام یاریەکەش بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە سوودی شێرەکانی رافیدەین کۆتاییهات.
بەو ئەنجامە، هەڵبژاردەی عێراق یەکەمین سێ خاڵی لە یەکەم یاریدا بەدەستهێنا و ئیندۆنیزیاش هیچ خاڵێکی نییە.
لە کۆمەڵەی پێنجەمیشدا، هەڵبژاردەی بەحرەین رووبەڕووی کۆریای باشوور بووەوە و بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ یاریەکەی پێدۆڕاند.