پۆلیسی پارێزگای كرماشان رایگەیاند: ژنێكی تەمەن (31) ساڵە لە جوانڕۆ، منداڵێكی پێنج ساڵانی هاوژینەكەی كوشتووەو دواتریش لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كراوە.
ئەو ژنە وتوویەتی : سەرەتا هەر خۆیی و هاوژینەكەی لە ماڵێكدا ژیاون و منداڵی هاوژینەكەی، كە ناوی ژیارە، لەلای باپیرو نەنكی بووە، بەڵام بەودواییانە باوكی ژیاری بردۆتەوە لای خۆی، بۆیە ئەم هەستی كردووە كە چی دیكە مێردەكەی وەكوو جاران خۆشی ناوێت و پیلانی داڕشتووە بیكوژێت.
بەپێی هەواڵێكی میهر، ئەو ژنە دڵڕەقە وتوویەتی : منداڵەكەی بردۆتە نێو باخێك و دەستی لەسەر دەمی داناوە تاوەكوو لە هۆش خۆی چووە، دواتر بە چەقۆ دەماری دەستی بڕیوەو دوای چەند كاتژمێرێك لە بەرزاییەكەوە فڕێی داوەتە خوارەوە.