"ئەگەر حکومەتەکەی کازمی بڕوخێت بەهۆی ئەمەوەیە"
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

"ئەگەر حکومەتەکەی کازمی بڕوخێت بەهۆی ئەمەوەیە"

لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتوندی رەخنەی لە "شکستهێنان"ی وەزارەتی تەندروستی، لەگەڵ دۆسیەی پەتای کۆرۆنادا گرت و وتی بڕیارەکانی ئەو وەزارەتە کاریگەرییان نییە.

لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانی شکستی حکومەتی مستەفا کازمی، لە رووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنادا، بوونی کەسانی دەستڕۆیشتووی ناو وەزارەتی تەندروستییە، کە بڕیاری هەڵە دەردەکەن و دواتر چاکی دەکەنەوە و پاشان لێی پەشیمان دەبنەوە، بەشێوەیەک کە یاریکردنە بە چارەنووسی خەڵکی عێراق، وەک ئەو بڕیارەی تایبەت بە رێگەدان بە گەشتی دانیشتووانی عێراق دەرچوو و پاش کاژمێرێک لە دەرچوونی، بڕیارەکە رەتکرایەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە: "پێشتر لە رێگەی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا، داوامانکرد ئەو کەسە دەستڕۆیشتووانەی ناو وەزارەت لە کارەکانیان دووربخرێنەوە، چونکە لیژنەکەمان تێبینی لەسەر کارەکانیان هەیە و هۆکار بوون لە رێگریکردن لە کارەکانی وەزیرانی پێشووی وەزارەتی تەندروستی وەک عەلا عەلوان، جەعفەر عەلاوی و حوسێن تەمیمی".

روونیشیدەکاتەوە:"ئەو کەسە دەستڕۆیشتووانە لە جومگە گرنگەکانی وەزارەتدا کاردەکەن، بۆ لاوازکردنی رۆڵی وەزیرەکان و لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانیان، بەشێوەیەک کە لەبەردەم رای گشتیدا وەک کەسانی بێتوانا لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا دەربکەون. لە کاتێکدا هەر خۆیان کۆنترۆڵی گرێبەستەکانی وەزارەتیان کردووە و گیرفانیان پڕی پارەی حەرام دەکەن و بازرگانی بەو پارانەوە دەکەن کە بۆ رزگارکردنی گیانی عێراقییەکان تەرخانکراوە".

لیژنەکە باس لە هەنگاوەکانی داهاتووی خۆی دەکات، لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی ئاماژەی پێداون: "ئێمە زۆر راستیی لەبەردەم دادگای عێراقیدا ئاشکرادەکەین، تا قسەکانمان بنبڕکەربن لەو بابەتەدا و پێویستە سەرۆکوەزیرانیش، ئەو کەسانە لە کارەکانیان دووربخاتەوە و وەزارەتەکە لەو کەسانە خاوێن بکاتەوە و ئازادیی کارکردن بۆ وەزیر بگەڕێنێتەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە كە بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی تووشبووان و مردووان بەهۆی کۆرۆناوە لە عێراقدا، حکومەتەکەی کازمی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تەندروستی خستووەتە دۆخێکی قورسەوە، بەتایبەت کە رۆژانە ژمارەکانی تووشبووان لە عێراقدا، ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکەن و"بەردەوامبوونی وەزیر بەدەستبەستراوی و رێگری لە کارکردن بەئازادی و رازیبوون بەوەی هەڵوێستی لاواز بێت و پەنا نەبات بۆ سەپاندنی خۆی وەک کەسی یەکەمی بەرپرس لە وەزارەتدا، وایکردووە پێمانوابێت ئەو داهاتووی پیشەیی و تەنانەت سیاسی خۆی سووتاندووە، لە کاتێکدا لیژنەکەمان لە سەرەتاوە پشگیری لێکرد".

لیژنە پەرلەمانییەکە ئەوەی بەبیر سەرۆکوەزیران هێناوەتەوە کە دەکرێ کۆرۆنا ببێتە هۆکاری خستنی حکومەتەکەی و دەڵێت "ئەگەر حکومەت بڕوخێت یان ناچاربێت بەدەستلەکارکێشانەوە، هۆکارەکە ئەوەیە کە شکستیهێناوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کۆرۆنا و وەڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تائێستا 75 هەزار و 194 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون. سێ هەزار و 55 لەو تووشبووانە گیانیان لەدەستداوە و 43 هەزار و 79 تووشبووش چاکبوونەتەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ