دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ڕایدەگەیەنێت: به بڕیاری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەمڕۆ دووشەممەوە هاتوچۆی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەست پێ دەكاتەوە.
كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بڵاویكردەوە: دوای ئەوەی بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٠٢١/٢/٢٠ دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ عێراق بە ڕووی گەشتیاراندا داخست، بە بڕیاری ئەو وڵاتە لە ئەمڕۆوە هاتوچۆی گەشتیاری دەست پێ دەكاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی بڕیارەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سنوورداركردنی هاتوچۆی گەشتیاری لە سنوورە هاوبەشەكانی ئێران لەگەڵ عێراق تا 20-4-2021 بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو كەسانەی (مۆڵەتی ئیقامەی كارپێكراو، ڤیزای خوێندن، ڤیزای نەخۆشی و وەبەرهێنان و بازرگانی، ڤیزای كار و مۆری چوونەدرەوە و پۆلیسی كۆچبەران و پاسپۆرتیان هەیە)، دەتوانن بچنە مەرزەكان و گەشتی ئێران بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو كەسانەی ئەو مەرجانە دەیانگرێتەوە، دەتوانن لە ئەمڕۆ دووشەمە 12-4-2021 ـەوه لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە گەشت بۆ وڵاتی ئێران بكەن.