ستیڕۆیدەكان ژەهری ڕوو هەنگوین
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ستیڕۆیدەكان ژەهری ڕوو هەنگوین

 

 

ستیڕۆیدەكان دەرمانگەلێكن كە لە بنچینەدا هۆرمۆنن و لە چەند شوێنێكی لەش دروست دەبن، بەشی دەرەوەی گلاندی سەر گورچیلە سەرچاوەی سەرەكی (كۆرتیزۆل) ە كە ستیرۆیدی بنچینەییە، ئەو هۆرمۆنە پێویستە بۆ ڕاستڕاگرتنی پەستانی خوێن و بۆ ئاسا ڕاگیركردنی سۆدیۆم و پۆتاسیۆم لەناو خوێندا.

ستیڕۆید بەشێوەی (تێستۆستیرۆن) لە پیاودا لە توخمە ئەندامەكاندا دروست دەكرێن و لە ئافرەتیشدا لە هێلكەدانەكان بەشێوەی (ئەسترۆجین) و (پرۆجێستیرۆن) دروست دەكرێن.

دیارە هەر یەك لەوانە فرمانی سروشتی خۆی هەیەو لەناو لەش دروست دەكرێت و بە كاردێت.

هەتا ئێرە ئاساییە، كاتێك ئەو ستیڕۆیدانە بەشێوەی كیمیاكاری دروست دەكرێن و بۆ نەخۆشی جیا جیا بەكاردەهێنرێن ئەوا چەند جۆرێكیان هەیە كە ئەمانەن.

1. هادرۆكۆرتیزۆن كە بەشێوەی دەرزی بەكاردێت بۆ ڕەبۆ، حەساسیە، هەندێك حاڵەتی هەناسە تەنگی و شۆك، كە وەك دەرمانێكی فریادڕەس سودی هەیە.

2. پرێدنیزۆلۆن كە بە شێوەی حەب بەكاردێت بۆ هەمان ئەو مەبەستانەی سەرەوەو هی تریش وەكو شێرپەنجەی لیمفەگرێ و هەوكردنی جومگەكان.

3. بێتامیسازۆن و دێكسامیسازۆن كە دەرزین و بۆ هەندێك نەخۆشی هەوكردن و هەستیاری بەكاردێن.

4. هەمان ئەو دەرمانانەی سەرەوە بە شێوەی كرێم، مەرهەم، هەڵمەمژێ و شڕوب و دڵۆپكە (قەترە) .. هتد بۆ پێستەو چاوو لوت.

لە خاڵی یەكەم هەتا خاڵی چوارەم هەمووی پێویستە لە ژێر ڕێنمایی پزیشكی پسپۆردا بێت، پەرستار، یاریدەدەری پزیشك و پزیشكی گشتیش بەكاری نەهێنێت باشە، چونكە لەدەرەوەی ڕێنماییە زانستیەكان بەكارهێنانیان كارەساتە، ژەهرە.

(كارەساتی یەكەم)

زیانە لاوەكیەكانی ستیڕۆیدەكان بریتین لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكرە، بەرزە فشاری خوێن، داخوران و لاوازبوونی ئێسكەكان، دروستبوونی پەڵەی پەمبەیی لە پێستەی سك، ڕان و پشت، هەروەها هەندێك جار توانەوەی جومگەی ڕان كە زۆر ترسناكە، (هیچ جار پێیان وتی وەرە دوو دەرزی ئیلتیهاب و ژانت بۆ تێكەڵاو بكەین وەك تۆپت لێ دێت ؟ ئەگەر وایان پێ گوتی (ڕازی مەبە)، بەرزبوونەوەی ڕێژەی چەوری ناو خوێن، قەڵەوبوون، دابەزینی بەرگری لەش لەدژی بەكتریاو ڤایرۆس و تێكچوونی فرمانی سێكسی و سوڕی مانگانە لەو زیانە لاوەكیانەن.

شایانی باسە ڕەنگە لەخۆتەوە دڵۆپكەی چاو لە جۆری دیكسامیسازۆن بەكار بێنیت بەردەوام یان مەرحەمی كلۆبیتاسۆل و نەزانی كە سەردەكێشێت بۆ كارەساتەكان.

(كارەساتی دووەم)

كاتێك ستیڕۆیدێك بۆ زیاتر لە مانگێك بەكارهێنرا ئەوا جەستەی ئەو كەسە تووشی ڕاهاتن و ئاڵودەبوون دەبێت، ناتوانێت بەبێ ئەو دەرمانە هەڵ بكات، چونكە ڕێچكەو سیستەمی (ژێرنیهاد – گلاندی نوخامی – گلاندی سەرگورچیلە) كە هەماهەنگییەكی ڕێكیان هەیە تێك دەچێت، وە شەپڕەی لێدەدات، كە ئەگەر كەسەكە بەردەوام ئەو ستیڕۆیدانە بەكارنەهێنێت تووشی شۆك و لەخۆچوون و بگرە مردنیش دەبێت.

لە ئێستادا چەند نەخۆشێك سەردانمان دەكات كە پێشتر ستیڕۆیدیان بەكارهێناوەو ناتوانن دەستبەرداری بن، هەیانە بۆ نەخۆشی پێست و جومگەو، هتد بۆی نوسراوە، هەیانە جارێك بۆی نوسراوەو بەخۆی لەسەری كڕیوەتەوەو پێی ئاڵودە بووە.

ڕێنماییەكان ...

1. ئەگەر پزیشكی پسپۆر بە پێویستی زانی ستیڕۆید بەكار بێنێت پێویستە بۆ كەمتر لە دوو هەفتە بێت.

2. ئەگەر هەر پێویست بوو بەردەوام بێت ئەوا كەمترین بڕ بەكاربێت باشە، وە بەدەرمانی تر جێی بگیرێتەوە.

3. دەرمان لەخۆڕا، دەرمان تەنیا بۆ ژان، دەرمان بەبێ ڕاكێتەی پزیشكی پسپۆر نابێت بەكار بهێنرێت.

4. هەتا بكرێت پێویستە هۆكاری تاو ژانەكان تەواو دەستنیشان بكرێت ئینجا چارەسەر بدرێت بچە نەخۆشەكە.

5. هەمیشە بەكارهێنانی ستیڕۆیدكان بۆ ماوەیەكی زۆر ترسناكییەكی ڕاستەقینەی هەیەو پێویستە بە ئاگاداری و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

6. بێجگە لەوانە بۆ هەڵنانی ماسولكەو بیركردنەوەی بەسود پێویستە جولەت هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ دەرمانێك بەكاری بێنێت.

(د. یوسف بەهائەددین – پسپۆری نەخۆشی كوێرە ڕژێنەكان)

 

هه‌واڵی گرنگ