نەخۆشی سورێژە چیە ؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نەخۆشی سورێژە چیە ؟

 

 

بریتیە لە نەخۆشیەكی گواستراوەی ڤایرۆسی بەهۆی (Measles Virus) دروست دەبێت.

چۆن دەگوازرێتەوە ؟

لەڕێگەی دەنكۆڵەی ناو هەناسەو كۆكەو پژمەوەی كەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە نەخۆشیەكە گواستراوە دەبێت دوو ڕۆژ پێش دەركەوتنی نیشانەكانی و تا (5) ڕۆژ دوای دەركەوتنی پەڵەكانی پێست.

تووشی هەموو تەمەنێك دەبێت، بەڵام زیاتر منداڵ و گەنج تووش دەبن.

كێن ئەو كەسانەی كە سوورێژە مەترسی دەبێت لەسەر ژیانیان ؟

1. منداڵی بچووك.

2. كەسی نەكوتراو بە ڤاكسینی سورێژە.

3. ئەو كەسانەی بەرگی لەشیان لاوازە وەكو كەسانی نەخۆشی ئایدز، نەخۆشیە شێرپەنجەییەكان، نەخۆشێك لەسەر دەرمانی ستیرۆیدو دەرمانی دابەزاندنی بەرگری لەش بێت.

4. ئافرەتی دووگیان.

ئەگەر تووش بووم ، كەی نیشانەكانم لێ دەردەكەوێت ؟

دوای تووشبوون بە نزیكەی (10 – 14) ڕۆژ نیشانەكان دەردەكەون، بە شێوەی گشتی نیشانەكانی بریتین لە (تا، لەش داهێزران، نەمانی ئارەزووی خواردن، پەڵەی سووری پێست، پەڵەی ناوپۆشی دەم، كۆكەو پەسیو، سووربوونەوەی چاو).

پەڵەكانی پێست : پەڵەی سوورو وردن هەندێك جار یەك دەگرن و پەڵەی سووری گەورە دروست دەكەن، بەشێوەی گشتی ناخورێن، سەرەتا لە دەم و چاوو پشتی گوێ دروست دەبن پاشان بەسەر هەموو جەستەدا بڵاو دەبنەوەو دوای چەند رۆژێك دەست دەكەن بە كاڵبوونەوە لە هەمان شوێنی دروست بوونەوە.

چارەسەر : چارەسەرێكی دیاریكراو نیە بۆ نەخۆشی سورێژە جگە لە ئیسراحەت و پێدانی دەرمانی دژە تا، ڤیتامین A، شێداركردنەوەی جەستە بە شلەمەنی و ئاو، دژە بەكتریاو دژە ڤایرۆس لە هەندێك كاتدا، بۆیە پێویستە خۆپاراستن لەڕێگەی كووتانەوە بكرێت.

ئاڵۆزیەكانی سورێژە چین ؟

هەوكردنی سییەكان، گوێ، چاو، كۆئەندامی هەرس و مێشك، دڵ، هەروەها خوێن، كە دوورنیە لێكەوتەی مەترسیدارو تا مردنی لێ بكەوێتەوە ..

چۆنیەتی خۆپاراستن :

لەڕێگەی كوتانی نیشتیمانی لە پرۆگرامی كوتانی نیشتیمانی كوردستانیشدا هەیەو كوتانی بەهێزكەر كە لەئێستادا لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان لە پۆلی (1 – 6) دەستیپێكردووە كە بەشێوەی دەرزی دەبێت و تا بەرواری (26/4) دەخایەنێت (873.191) منداڵ بە ئامانج دەگیرێن.

(د. شیڤان عومەر – پزیشكی پایەبڵندی نەخۆشیەكانی پێست)

 

هه‌واڵی گرنگ