ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، توانیمان 10 تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداویشەوی ڕابردوو لە گوندی شەوەکی کۆمەڵگای مەلائۆمەر دەستگیر بکەین ، هەروەها سەرجەم قوولە سەربازییەکانی گوندەکە تێکدران.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە گوندی شەوەکی کۆمەڵگای مەلائۆمەر لە شاری هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویدا و بە چەک ڕوو بەڕوی یەکتر بونەوە، لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆ دەستبەجێ لە لایەن هێزەکانی (ب.ئاسایشی هەولێر و ب.پۆلیسی پارێزگای هەولێر) دەستمان کرد بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لیکۆلینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیمان 10 تۆمەتباری سەرەکیی ئەو ڕووداوە دەستگیر بکەین ، هەروەها سەرجەم قوولە سەربازییەکانی گوندی شەوەک تێکدران، خۆشبەختانە لەم ڕوداوەدا هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.