به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
خوشك و برایانی به‌ڕێز ..
سڵاوی خواتا لێ بێت، حه‌زمكرد به بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی كاره‌كانی حه‌وته‌مین كۆنگره‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانه‌وه، هه‌روه‌ك به‌ڵێنم دابوو كورته په‌یامێكتان له چه‌ند خاڵێكدا پێشكه‌ش بكه‌م:
1. سوپاسێكی شایستە بۆ هه‌مووخوشك و برایانی ئەندامی كۆنگرە بە تایبەتیش ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی متمانه‌یان به پرۆژه‌كه‌م به‌خشی،لێرەشەوە پێیان ده‌ڵێم ده‌نگه‌كانتان نه‌ك هه‌ر به‌فیڕۆ نه‌چوو، به‌ڵكو رۆژێ دێت شانازی گه‌وره‌ی پێوه ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه ئێوه‌بوون دیواری ترسه‌كه‌تان روخاند، ئازایانه ملی رێگای گۆڕانكاریتان گرتە بەروو ئاسۆی نوێتان به‌ڕوودا كرده‌وه، كارێكتان كرد‌و هه‌نگاوێكتان نا كه مۆركی خۆی به‌سه‌ر تێكڕای ته‌وژمی ئیسلامی و ئیسڵاحی كۆمه‌ڵگه‌و لە دور مەوداشدا لەسەر دواڕۆژی وڵاته‌كه‌مان داده‌نێت لەو ڕوانگەشەوە كە ئێوە دەنگتان بە پڕۆژەو قەناعەتێكی فكری داوە بە دەنگدانتان لە كۆنگرەدا ئەركتان تەواو نەبووە بەڵكو دەبێت لە هەر پێگەو جومگەیەكی ناو یەكگرتوودا بن بەو هەناسەو ڕوحەوە كار بكەن و بەشێكی گرنگ لە زەمینە سازكردن بۆ نوێكردنەوەی یەكگرتوو جوان ئەنجامدانی ئەركەكانی قۆناغی ڕاگوزەری .
2. سوپاس و پێزانینی گه‌رمم بۆ ئه‌و هه‌موو گه‌نج و هاوڵاتیه په‌رۆشانه‌ی له كاتێكدا ئینتمای فكری و سیاسی جیاوازیان هه‌بوو، پشتیوانیان لێ ده‌كردم و هاوسۆز بوون و چاوه‌ڕوانیان له من هه‌یه، خوا حه‌زكات له داهاتووشدا له ئاست گومانی باش و چاوه‌ڕوانی یه‌كانی ئێوه‌ی خۆشه‌ویستدا بم، ئاماژەیە‌كی خێریشه بۆ تێپه‌ڕاندنێكی زیاتری بازنه ته‌سكه‌كان و ده‌ستكردن به چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌كی قوڵی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، كه‌له نه‌بوونی ره‌مزی گشتی دا خۆی ده‌بینێته‌وه.
3. ئه‌م كۆنگره گه‌رچی كۆنگره‌ی گۆڕانكاری نه‌بوو، به‌ڵام پێم وایه به‌ره‌نجامه‌كه‌ی ده‌ڕژێته خزمه‌ت زه‌مینه سازكردن بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی پێویسته ئه‌نجام بدرێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه یه‌كگرتوو بخرێته دۆخێكی راگوزه‌ریه‌وه‌و، كایه ده‌عه‌وی و په‌روه‌رده ئاینی یه‌كه له كایه سیاسیه‌كه جیابكرێته‌وه‌و سه‌ربه‌خۆی بكرێن و به‌وه‌ش مۆدێلێكی نوێ و گه‌شه‌كردووی خزمه‌ته رۆحی و ئه‌خلاقی و فۆرمیكی ئومێد بەخشی سیاسی تازە لەسەر ئاستی تەوژمی ئیسلامی و موحافیزه‌كاری گۆمه‌ڵگه بێته كایەوە. ئاماژەی به‌ڕێز ئه‌مینداری گشتیش ناولێنانی قۆناغی دوای كۆنگره‌ی به‌ڕاگوزه‌ر (انتقالی)، ده‌رگا به رووی ته‌وافقێكی نێوخۆیی بۆ گۆڕانكاری یه كه ده‌كاته‌وه‌و، واده‌كات دوای ئه‌و ژانگرتنه‌ی ده‌ستی پێ كردووه، كۆرپه‌كه به سروشتی له دایك بێت.
4. ئیزافه‌یه‌كی جوانی ئه‌م كۆنگره بوونی كێ بڕكێ و مونافه‌سه‌بوو له نێوان چوار پاڵێوراودا بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پۆستی ئه‌مینداری گشتی و تاسه‌ربردنی پرۆسه‌كه‌و پیرۆزبایی كاندیده ده‌رنه‌چووه‌كان له كاندیدی ده‌رچوو، سه‌باره‌ت به ئێمه‌مانان كه‌سه‌رمه‌شقی پێشكه‌ش كردنی تێدایه جێگای دڵخۆشی یه، به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌و روداوه له ناو لایه‌نێكی ئیسلامی دا رووده‌دات و هاوكاتیشه له‌گه‌ڵ ئه‌و پاشه‌كشه دیموكراسی یه‌ی هه‌رێم به‌خۆیه ده‌بینێت.
ئه‌م جۆره نموونانه گه‌ر مۆمێكیش بن بۆ ئه‌وه گرنگن، كه وانه‌زانرێت كوردستانی باشور خه‌راباته‌و گه‌له‌كه‌مان توانای هه‌موو ده‌ستپێشخه‌ری و نموونه پێشكه‌ش كردنێكی له‌ده‌ستداوه، گرنگیشه لێپرسراو و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی یه‌كگرتوو ئه‌م نموونه به‌هێزو لایه‌نه‌كان نه‌فرۆشنه‌وه‌و به‌و زمانه قسه نه‌كه‌ن كه ئه‌مه له‌هیچ حزبێكی تری كوردستانی دا بوونی نه‌بووه، به‌ڵكو به ئیجابی یه‌وه ته‌رحی كه‌ن وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ توانای هێزو لایه‌نه‌كان و گه‌له‌كه‌مان له پێناو دیموكراسییه‌كی كامڵترو شایسته‌تر به هه‌موومان.
5. سه‌باره‌ت به ناوخۆی یه‌كگرتوو، كۆنگره‌كه هه‌ندێ په‌یامی گرنگ و ناسكی تێدا بوو، جۆری ده‌نگدان و به‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو، كه هێشتا یه‌كگرتوو خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ناوخۆییه، ئه‌وه‌ی دەوترا ده‌رباره‌ی بادینان و سۆران و ده‌نگه ره‌خنه‌گره‌كانی ناو یه‌كگرتوو، به‌شێكی گرنگی وه‌هم و جه‌نگی ده‌روونی بوو، ئه‌مه به‌ومانایه نیه، یه‌كگرتوو له‌م روه‌وە كێشه‌ی نیه‌و نابێت ئه‌میندار و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه كاری جدی بۆ بكه‌ن، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه كه دۆخی یه‌كگرتوو به‌و جۆره نه‌بوو، كه وێنا ده‌كرا (خواحه‌زكات قسه‌ی فكریمان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه له داهاتوودا زۆر ده‌بێت).
هه‌رلێره‌وه و سه‌باره‌ت به براتان سڵاوێكی تایبه‌ت بۆ خوشك و برایانی بادینان لە سۆنگەی ئەو هه‌موو سۆز‌و خۆشه‌ویستی و رێزه‌ی بۆیان ده‌ربڕین.
6. سه‌باره‌ت به چاره‌نووس و ئاینده‌ی براتان ده‌مه‌وێت به‌ڕوونی پێتان بڵێم كه خۆ نه‌پاڵاوتنه‌وه‌م بۆ سه‌ركردایه‌تی مانای كشانه‌وه‌م له یه‌كگرتوو پرۆژه‌كه‌مان نیه، چونكه پاساوه‌كانی مانه‌وه‌م له یه‌كگرتوودا له رابردوودا له‌گه‌ڵ بوونی سه‌ختی دا له ئێستادا زۆرترن، خۆنه‌پاڵاوتنه‌وه‌م به‌شێكه له نه‌خشه‌یه‌ك بۆ زیاتر به‌ره‌و پێش بردنی پرۆژه‌كه‌و گه‌یشتنه قۆناغی دووبارە خۆ بیناكردنه‌وه‌مان، گه‌رچی حزب لای من له وه‌سیله‌یه‌ك بۆ خزمه‌تكردنی به‌ها باڵاكان و هاوڵاتیان و كۆمه‌ڵگه زیاتر نیه، به‌ڵام تا ئومێدمان به‌وه مابێت گۆڕانكاری و چاكسازی قوڵی نێوخۆیی ئومێدی له به‌رده‌مدا ماوه، (كە خۆشبەختانە لە ئێستادا ئومێدەكە زۆرتر بووە )ده‌ست له‌م وه‌سیله‌یه به‌رناده‌ین و رێز له چاوه‌ڕوانی و هه‌ست و نه‌ستی براو خوشكه هاوڕێگاكانمان ده‌گرین، به‌ڵام كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه ئه‌وانیش له قۆناغه راگوزه‌ریه دوو سێ ساڵی یه‌كه‌دا، پشتیوانی له‌پرۆژه‌ی نوێ بوونه‌وه‌ی یه‌كگرتوو و ته‌وژمی ئیسلامی بكه‌ن، چونكه ئه‌وه پرۆژه‌ی (ئه‌بوبكر عه‌لی) نیه، به‌ڵكو پێویستیه‌كی قۆناغه‌كه‌و پرۆژه‌ی هه‌موومانه‌و ناولێنانی ئه‌م خوله‌ش به قۆناغی راگوزه‌ری له‌لایه‌ن به‌ڕێز ئه‌مینداری گشتی له وته‌ی كۆتایی كۆنگره‌دا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ده‌بێت هه‌موومان بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئومێد بۆ هه‌زاران لاوی كچ و كوڕی نائومێدی ئه‌م وڵاته له ته‌وژمی ئیسلامی، به‌شێ بێت له پرۆژه‌ی ئومێد‌و دووباره بوژاندنه‌وه‌ی ته‌وژمی ئیسلامی و گه‌وره‌كردنی و خزمه‌تكردنێكی گه‌وره‌تر به كۆمه‌ڵگه له‌و رێیه‌وه، براتان گه‌رچی خۆم ته‌نها به‌موڵكی حزبێ نه‌زانیوه‌و نازانم، به‌ڵكو خۆم به موڵكی كۆی ته‌وژمی ئیسلامی و ئیسڵاحی و كۆمه‌ڵگه‌و گه‌له‌كه‌م ده‌زانم، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا ده‌شزانم چۆن یه‌كگرتوو بوون بخه‌مه خزمه‌ت خزمه‌تكردنی هه‌موانه‌وە، سروشتی یه‌كگرتووش له‌و روه‌وه یارمه‌تیده‌ره.
خواحه‌زكات له‌م چوارچێوه‌یه‌داو له‌م دووسێ ساڵه‌ی داهاتوودا خزمه‌تێكی گه‌وره‌تر به‌یه‌كگرتوو ته‌وژمی ئیسلامی و ئیسڵاحی و كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تیش له رووی فكری یه‌وه، كه‌به گوێره‌ی ئایه‌تی (إِنَّ اللَّهَ لا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِمْ) گۆڕانكاری فكریی پێشمه‌رج و زه‌روره‌تی سه‌رجه‌م گۆڕانكاریه‌كانی تره، لێره‌شه‌وه ده‌ڵێم له سۆزه و ده‌ربڕینه گه‌رمه‌كه‌ی سه‌دان خوشك و برای ده‌نگده‌ری بەڕێز مامۆستا (صلاح ا‌لدین) دوای پرۆسه‌ی ده‌نگدان تێگه‌یشتم،كە هه‌ندێكیان به زمان و ئه‌وانی تر به ئاماژه‌و زمانی حاڵ وتیان ئارام بگره‌و ئه‌م قۆناغه راگوزه‌ریه‌ی پێویست بوو زۆری نه‌ماوه ئامانجه‌كه بێته‌دی. په‌یامه‌كه‌مان به ئیجابی وه‌رگرت و باهه‌مووان پێكه‌وه ئه‌و هه‌ستانه بكه‌ین به فكر‌و هه‌نگاوی كرداری و به‌یه‌كه‌وه كاره‌كه ئه‌نجام بده‌ین، چونكه خه‌مه‌كه خه‌می هه‌موومانه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی یه.
7. حه‌زده‌كه‌م هه‌ر له‌م په‌یامه‌دا قسه‌یه‌كی كورتیش ده‌رباره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی هیچ پالێوراوێكی زانایان بكه‌م و بڵێم: یه‌كگرتووه‌كان ده‌زانن چۆن قه‌د‌ری زاناكان و مامۆستا ئایینی یه‌كانیان بگرن. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم یه‌كگرتووه‌كان قه‌درو رێزێكی زۆری زانایانیان له‌لایه، ده‌نگ پێ نه‌دانی پێویستیشیان بۆ پاڵێوراوی زانایان نه‌ك هه‌ر ئاماژه نیه به‌هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌رێنی، به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و رێزوخۆشه‌ویستی یه‌یه، چونكه ئه‌وان ده‌زانن شوێنی زانا‌و مامۆستایانی ئایینی و بانگخواز میمبه‌ری مزگه‌وت و، مه‌دره‌سه‌و، دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و شاشه‌كانی ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ پسپۆڕه‌كان و، پانتایی كۆمه‌ڵگه‌یه، نه‌ك سه‌رقاڵ بوون به به‌ڕێوه‌بردنی ئۆرگانی حزبی و كاروباره رۆژانه‌ییه‌كانی حزبه‌وه، زانایان ده‌بێت به‌هیچ جۆرێ هه‌ست به كه‌می نه‌كه‌ن و په‌یامه‌كه وه‌ك خۆی وه‌ربگرن، قۆناغه‌كه پێگه‌یشتووه‌و كاتی ئه‌وه هاتووه، كه كه‌سێتی زانایان زیاتر پارێزراو بێت و رۆڵیان زیاتربێت، ئه‌ویش به‌وەی بە گوێره‌ی پرۆژه‌ی ئومێد‌و هه‌ڵسانه‌وه به‌شێكی گرنگ بن له‌و ته‌وژمه ده‌عه‌وی یه په‌روه‌ردەیی و رۆحی یه‌ی پێویسته دروست بكرێت و كه‌سێتی مه‌عنه‌وی خۆی به‌ده‌ست بێنێت.
له كۆتاییدا داواكارم خوای گه‌وره هەموومان سه‌ربه‌رزبكات و بمانكاته ئامرازی خێروچاكه بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان و به‌ها باڵا ئیسلامی و ئینسانیه‌كان و هه‌رچی پێی ده‌وترێ لە دادپه‌روه‌ری و جوانی و راستی و پاكی و چاكسازی و كه‌رامه‌تپارێزی.
ئاینده گه‌ش ده‌بینم
با پێكه‌وه سه‌یربكه‌ین و بەشداربین لە بیناكردن و سیما پێدانی.