كودەتاكەی توركیا
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كودەتاكەی توركیا

 

كێشەی بەپێوەر نەكردنی دیموكراسی و بەرژەوەندی یە نەتەوەییەكان لە لایەنگریدا


هەر هێندەی هەوڵی كودەتای سەربازی لە توركیا دەستی پێكرد، هەندێ كەس و ناوەند لە باشور، دەستیانكرد بە هەلهەلە كێشان و خۆشحاڵی دەربڕین و باسكردن لە قۆناغی پاش ئۆ‌ردۆگان، هێرشێكی زۆریش كرایە سەر هەموو ئەوانەی دژ بە كودەتاكە هەڵوێستیان دەربڕی و پێیان وابوو دژ بە سەرەتاكانی دیموكراسی و بەرژەوەندی یەكانی كوردی باشور و باكورە.


ئەوەی لە نوسین و هەڵوێست دەربڕینەكاندا جێگای سەرنج بوو نا نیشتمانی بوونی لێكدانەوەكان و خوێندنەوەی رووداوەكە بوو لە دەلاقەیەكی حیزبی و ئایدۆلۆژی تەسكەوه،‌ هەڵوێستگرتن و پشتگیری كودەتا بوو، لە روانگەی ئەو بەرەبەندی و ململانێ حیزبی یە نەزۆك و بێ بەرهەمەی لە باشوردا هەیە.


ڕوون بوو دەستێكی زۆر لە واتەی نوسییان و قسەیان كرد، دژایەتی پارتی بوو، لەو سۆنگەوە كە پارتی هاوپەیمانی حكومەتی توركیایە، روخانی حكومەتی توركیاش یەكسانە بە لاواز بوونی پارتی، لە روویەكی ترەوە رووداوەكە قۆزرایەوە بۆ جەنگێكی ئایدۆلۆژی مەعنەوی دژ بە ئیسلامی یەكان، لەبەر ئەوەی هەندێك بە داخەوە دژ بە هەموو ئیسلامی یەكن و بڕوایان بە بوون و ئازادی یان نی یە، هەروەها بە پێچەوانەی سەرەتاكانی حەق و ئەخلاق و دیموراسیەوە ئیسلامیەكانی لە مەڕ خۆمان دەكرێن بە لێپسراو لە ڕووداو گەلێك كە لە دوور و نزیكەوە پەیوەندی بەوانەوە نیە و هاو چارەنوس و هاو سەنگەری میللەتی خۆیانن. بە داخەوە جۆری لە هەناسەی فاشستانەشبەسەر بەشی لە فەزای تۆڕە كۆمەڵایەتی یە كاندا زاڵە، كە هەركەسێ وەك ئەوان بیری نەكردەوە و روداوەكانی لێكنەدایەوە بە جاش و ناپاك ناوی دەبەن و هەوڵدەدەن لە كوردبوون دایشۆرن و وەك دوژمن نیشانی بدەن؟!


ئەم دۆخەش جێگای بەزەیی پێدا هاتنەوەیە، دنیا و ڕووداوەكانی بە عەقڵێ لێكنادرێتەوە بە دەرهاویشتەكانی ململانێ ی حیزبی تەسك و ناوچەگەری و بوغزی ئایدۆلۆژی و ڕق لە قاڵب درابێت. بۆیە ئەم قسانەش دەكەم چونكە ئەگەر پێوەر و چوارچێوەی بیركردنەوە و هەڵویست وەرگرتن بەرژەوەندی كوردستانی باشور و تەنانەت كوردەكانی باكوریش بوایە، مەسەلەكە بەو جۆرە نەدەكەوتەوە، لەو سۆنگەوە كە پارتی داد و گەشەپێدان لەگەڵ هەمو ئەو رەخنانەی لەسەر‌ بەشی لە سیاسەتەكانیان لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە باكور لێیان بگرین، تەنها لە سایەی ئەواندا بە ئاسایی مامەڵە لەگەڵ كوردستانی باشور كراوە، لە سایەی ئەواندا پێشوازی لە بەرپرسانی كورد بە شێوەیەكی فەرمی دەكرێت و ئاڵای كوردستان دادەنریت و رێگا بە پیشمەرگە دەدرێت بەرەو كۆبانی بە ناو خاكی توركیادا بڕوات.


تا ئەم ساتە وەختەش هیچ هێزێكی سیاسی لە توركیا سەری هەڵنەداوە لە داد و گەشەپێدان بۆ كورد باشتر بێت، گەر مەسەلەكە هەڵبژاردنیش بێت لە نێوان خراپ و خراپتریندا، لە بەر ئەوە زۆر گرنگە ئێمە بەرژەوەندی یە نەتەوەیی یەكان و بەها دیموكراسی یەكان بۆ لێكدانەوە و لایەنگری یەكانمان پێوەرمان بن. گەر ئەم دوو پێوەرەش بكەین بە داوەر، باوەربوون بە دیموكراسی خوازیاری ئیدانەكردنی كودەتایە وەك شێوازێكی نادیموكراسی و دواكەوتوو بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، جا خۆش ئەوەیە كودەتاكە كوردیش نەیكردووە تابڵێین بوارێكی تیایە بۆ چاولیپۆشینی. ململانێكە لە نێوان حكومەتی توركیا و ئۆردۆگان و كوردی باكوردا نەبووە تا خەڵكانێك بەوە تاوانبار بكرێن جاشی ئۆردۆگانن و ئایدۆلۆژی ئیسلامی لە پشت هەلوێستەكانیانەوەیە‌، بەڵكو لەنێوان حكومەت و سوپادا بوو، سوپایەك بە درێژایی سەد ساڵ ئێمەی چەوساندۆتەوە و خوێنی برا و خوشكانی ئێمەی رشتووە، خۆ ئەگەر كێشەی كورد لە باكور بە شێوەیەكی ئاشتیانە بە ڕوخانی ئۆردۆگان و حكومەتەكەی ئەكەپە چارەسەر ببوایە و لانی كەم كوردەكان لە چوارچێوەی فیدڕاڵیەتدا بە مافی چارەنوسیان بگەشتنایە، وە جێگرەوەی حكومەتی ئێستا دەسەڵاتێكی دیموكراسیتر بوایە كە چارەسەرەكە و بەرژەوەندی گەلانی توركا دەیخوازێت، ئەو كاتە ئاسایی بوو پێمان خۆشبێت هەر چی زووترە ئۆردۆگان و حكومەتەكەی لەسەر كار نەمانایه، بەڵام ئەوەی چاووەڕوان دەكرا بەهێزبوونەوەی پێگەی سوپاو باسك ئەستوربوونەوەی ناسیۆنالیزمی توركی و داخستنی هەدەپە و زیاتر قوڵبوونەوەی شەڕ و دوركەوتنەوەی چارەسەری ئاشتی بوو. هەروەها ئەوەی بیستمان بەیاننامەی یەكەمی كودەتا داوای گەڕانەوەی بۆ عەلمانیەتی توندڕەوی پێشوو دووبارە زیندووكردنەوەی كەلەپور و ڕێبازی كەمالیستی دەكرد، كە لە سایەیدا ئازادی ئاینی ژێرپێنرابوو، كورد كرابوو بە توركی شاخی و تەنانەت نكۆڵی لە بوونی كرابوو، بۆیە گەر كار بە پێوەری نەتەوەیی‌ بكەین، دەبوایە ئەم بەیاننامەی كودەتاچی یەكان كە دووبارە داوای بوژاندنەوەی كەمالیستی دەكرد رایچڵەكاندینایە، چونكە هەموو ئەو ئازار و مەینەتی یەی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا دوچاری كوردەكانی باكور بووە لە سایەی كەمالیزم و هەژمونی سوپادا بووە.‌ ئەوەی تاكو ئێستاش روودەدات هەر درێژەی ئەو مێژووەیە، چونكە ئەگەر لە ماوەی نزیكەی سەد ساڵدا نكۆڵی لە كورد نەكرابا و دیموكراسی هەبوایە، ئێستا كیشەی كورد بەو جۆرە ئاڵۆز نەدەبوو .


لە ڕوویەكی ترەوه و سەبارەت بە باشوری كوردستان هێشتا ڕوون نەبوبۆ‌وە كودەتا چی یەكان كێن؟ بیركردنەوەیان چییە؟ چ جۆرە سیاسەتێك دەربارەی كوردستانی باشور پەیڕەو دەكەن؟ كە مێژووی سوپا و بانگەشە بۆ باڵادەست كردنەوەی كەمالیزم بۆ ئێمە ئاماژەی سەرەتایی بوون، كە سەركەوتنیان دژ بە بەرژەوەندی یەكانی كوردی باشوور بوو، چاوەڕوان دەكرا پەیوەندی و مامەڵەی ئێستای توركیا لەگەڵ هەرێمدا نەمێنێت و چەقی قورسایی ئەو پەیوەندیە بگەڕێتەوە بەغداد. ئەوساش دەبوو بە ملكەچی یەوە بەرەو هەندێ پایتەخت بگەرێتەوە كە نوقمە لە دواكەوتوویی و تایەفەگەری و خوێنڕێژی .


بۆیە بەرێزان ئەم دۆخەی ئیمەی تیا دەژین و بیری تیا دەكەینەوە زۆر نائاسایی یە، با چی تر رق و كینە و بوغز بەرامبەر یەكتر بڵاو نەكەینەوە، با چی تر دابوشبوونە سیاسی یەكان وامان لێنەكات بەرژەوەندی یە سیاسی یە نەتەوەییەكان و ئایندەی خۆمان وەك نەتەوەیەك نەبینین، ناكرێت ڕووداوەكانی دەوروبەر ببێتە مایەی زیاتر لێكهەڵوەشانی ڕیزەكانمان وقوڵبوونەوەی بێ متمانەییمان بەرامبەر بە یەكتر كە دژ بە ئەلف و بێی نەتەوایەتی و دیموكراسیە. هەروەها ناكرێت چاوپۆشی لە دواڕۆژی گەل و وڵاتەكەمان بكەین و بوترێت چی دەبیت با ببێت. گرنگ ئەوەیە فڵان هیزی سیاسی لاواز دەبێت و زیان دەكات. كە مەرجیش نیە وابێت، گەر واش بێت مەرج نیە بەو جۆرە بڕژێتە خزمەتی بەرژەوەندی یە نەتەوەیی یەكان و گەشەكردنی دیموكراسیەوە‌ .

 

هه‌واڵی گرنگ