دوای 27 ساڵ لە سیستەمی حوكمڕانی كوردی نەك (100) ڕۆژ، چیتان كرد ؟!
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دوای 27 ساڵ لە سیستەمی حوكمڕانی كوردی نەك (100) ڕۆژ، چیتان كرد ؟!

 

- ئەو سیستەمی حوكمڕانیەی ئێوە لەم هەرێمەدا كردتان لەچاو ئەو داهات و خێر و بەرەكەتە و دەرفەتەی لەبەر دەستتاندابوو پڕیەتی لە كەموكورتی و كەمتەرخەمی .
- ئێوە دەستان برد بۆ مووچەی مووچە خۆران و ناشتانەوێ‌ بچێتە پلانتانەوە كە بۆیان بگێڕنەوە .
- ئێوە نەتان توانی ئاسەواری دوو ئیدارەیی شەڕی ناوخۆ كۆتایی بهێنن .
- ئێوە نەتان هێشت دەزگای چاودێری دارایی و نەزاهە بێ‌ لایەنانە ڕۆڵا ببینێت .
- ئێوە شكۆی دادگاكانتان خستە ژێر پرسیاری جدییەوە بۆ دەیان كەیسی جۆراوجۆر لەم هەرێمەدا.
- ئێوە بكوژانی ڕۆژنامەنووسان و شەهیدانی (17)ی شوبات و دەیان كەیسی ترتان داڵدەداو نەتان هێشت دادگایی بكرێن .
- ئێوە تا ئێستا داهاتی نەوت و گومرگەكان و سەرچاوەكانی تری دارایتان شەفاف نەكرد .
- ئێوە لەبەر ئەنجامی ناڕێكی ناو ماڵی كورد لە (50%) ی خاكی كوردستانتان لە دەستداو، بە كوردایەتیش بە خەڵكی دەفرۆشنەوە .
- ئێوەن كە سەرتاپای سیستەمی پەروەردەتان بەحیزبی كردوە ، هەر ساڵە و پڕۆگرام و سیستەمی خوێندنی وڵاتێك بەسەر مناڵانی كورد دا تاقی دەكەنەوە ، ئەمە جگە لەوە ی بۆ جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك حیزب دەستی تێ وەر دەدات ، بۆیە ئەم سیستمە نەیتوانیوە شایستە بێت بەو نەوانەی كە بۆ داهاتوو نیشتمان چاوی لەسەریانە.
- ئێوە لە ڕووی تەندروستیەوە كوا پێشكەوتنە دیارەكانتان .
- ئێوە نەتانتوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن بە هێزێكی نیشتمانی سەرتاسەری دوور لە دەست وەردانی حیزبی .
- ئەی پێمان ناڵێن كوا كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریتان ؟
- كوا هاوكاریەكانتان بۆ جووتیارانی كوردستان كە ببێتە هاندان بۆ زیاتركردنی بەرهەمی ناوخۆ؟
- كوا بەنداوەكانتان ؟
- كوا هاوكاریتان بۆ خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت ؟
- كوا پرۆژەكانتان بۆ كرێ نشینانان ؟
- كوا بەشە نەوتی هاوڵاتیان ،لە كاتێكدا لە وڵاتێكدا دەژین ژێر زەوییەكەی پڕە لە نەوت و سامانی سروشتی ؟
- كوا پێشكەوتنەكانی كەرتی كارەبای نیشتمانی ؟
- لەسەرو هەموو ئەمانەوە كوا پلانی ستراتیژی وڵات كە لای هاوڵاتی ڕوون بێت ، دوای پێنج ساڵی تر یان دە ساڵی تر وڵاتەكەی بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێ‌ ؟
- كوا لێپرسینەوە لە دەیان بەرپرسی گەندەڵا كە بە ناڕەوا لەسەر حسابی خەڵكی دەیان كۆشك و تەلاری بنیاتنا ؟
- كوا بڕینی دوو مووچەیی و سێ‌ مووچەیی كە هەمووی بە فەرمانی حیزبی حوكمڕان ئەنجام دراوە ؟
- كوا فرسەتی هەلی كار بۆ گەنجانی كوردستان بە یەكسانی ؟
- كوا مافی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە بە نیەتی خزمەت خوێندنیان تەواو كردوە ؟
- ناكرێت لەماوەی (100) ڕۆژدا هەندێ‌ كاری ڕۆتینی وەك دەسكەوت بە خەڵكی كوردستان بفرۆشنەوە، كە ئەوە واجب و ئەولەویاتی كاری حوكمڕانیە و هیچ دەسكەوت نییە تا بە دەسكەوت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت !
- ئەوە ئەو كارانەن كە دەبوایە (20) ساڵ لەمەوپێش بتان كردایە، لەسەر نەكردنی ئەو كارانە گەر دادپەروەری جدی هەبێت حەقە لێپرسینەوەتان لەگەڵدا بكرێت .


هه‌واڵی گرنگ