ئالان قەڵەمێك و پاشای بۆ بەجێهێشتین
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئالان قەڵەمێك و پاشای بۆ بەجێهێشتین

 

زاگرۆس نانەكەلی

ساڵی 2020 ی كۆڕۆنا،یەكەم جارە هەسارەی زەوی لەمێژووی كۆنی خۆیدا ڤایرۆسی كۆڕۆنا سەرتاسەری جیهان بوەستێنێ!،مرۆڤایەتی گورزێكی كوشندەی پێكەوت،هەزاران رۆح گیانیان سپارد،كۆتاییەكانی ساڵی 2019 تا نیسانی 2020 كۆڕۆنا بەردەوامە ونازانین كەی لەناو دەچێت؟!،ئەم رووداوە زەبەلاحە سروشتی بێت یاخود شەڕی زلهێزەكان ،تەنها گیانی مرۆڤەكانە لەناو دەچێت،كورد دەڵێ: چ با بێت یاخود باران لەتەمەنی بەفر دەڕوات،وڵاتی ئێمەش بەدەر نەبووە لەم هەموو نەهامەتیە، تەنها ئێمەی پاڵەوانین پەندی لێوەرناگرین.

ساڵی 2020 سەرەتایەكی بە ئازار بوو بۆ وەرزش و میدیای وەرزشی كوردی،ئەیلولی 2015 ئالانكمان لەئیجە خنكا جیهان ئۆقرەی لێبڕا و ،ئەستێرەكانی وەرزشی ویژدانیان راچڵەكی و هاتنە دەنگ، دوێنێ میدیاكاری وەرزشی یاوەر نامیق ماڵئاوایی لێكردین ،رێكەوتی 11-4-2020 گۆیژە بە سەفینی گووت : ئالان عەلی میدیاكاری وەرزشی ئۆغری خێری كرد،ئالان خوێندكار ویاریزان و داوەر و میدیاكاری وەرزشی و مامۆستای وەرزش و یەكەم سكرتێری كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان وسەرنووسەر بەشی وەرزشی وچەندین كاری لەم جۆرەی بەرێوە دەبرد!!.

مێژووی ئالانی كۆچكردوو پڕن لە سەروەری و داهێنان،ئەو بەگوێرەی ئەو هەموو كارەی ئەنجامی داوە پێشتر،دەبێت چەند باڵەخانە و ماركێت و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر و مەزرەعە و پۆستی هەبێت،كۆچكردوو بەگوێرەی كارەكانی ئێستا ماڵ ومناڵی لەنازو نیعمەتی ژیان بە خۆشاوی شیر وهەنگوین و تاجی كیسڕا و فەرشی كاشان و باغی ئیرەم و كۆشكی ئەفسوناوی و خەوی شازادە و شاڵ و هەوری و فەڕەنجی ئاوریشم دەپۆشن!،ئێوە ناپرسن كێ ئەمانەی بۆ رەها كردووە؟لیژنەكە؟ یاخود وەرزش ومیدیای وەرزشی كوردی؟ یاخود كێ؟ من نایزانم ، زمان نا ،زەمەن هەر دەیزانێ!،

ئەوە ژیانی كوڕێكی كورد وەرزشوانی دێرین و رۆژنامەنووسێكی وەرزشی بێ بەخت وخێر لەخۆ نەدیوی وڵاتەكەمە،ئەمە راستێكی بە میسلی زوقم وشەڕابی مارە،ئەمە خەونێكە لە هی ئەشكەوتە خەیاڵاوی و داستانەكان دەچێت،ناكرێت ئێستاش لەسەردەمی كۆڕۆنا میدیاكاری وەرزشی و وەرزشوان هێندە بێ خاوەن و ماڵ وحاڵ و بێكەس بن،نابێت میدیاكاری وەرزشی هێندە فەرامۆشكراوبێت،سەردەمێكە لە جیهان میدیاكاری وەرزشی هاوشێوەی یاریزان گرێبەست واژوو دەكات،كەچی لای ئێمە هزر پڕ پرۆژە و دەست وبازووی لێهەڵكردووە و بێ كاریشە،ئەمە چیرۆكی سەدان ئالانی وڵاتەكەمە،لە لووتكەی هزر وپێشكەوتن وداهێنان بە نائومێدی سەردەنێنەوە.

ئالان ماڵئاوایی لێكردین و لە دوا وێستگە بێ تاقەت بوو و پشووی ئەبەدی دا،نوسین و وەرزش و مەشق و رەخنە و بەرنامە و كاروچالاكی قوتابخانەكانی بوون بە میدالی سەرفرازی، لە ئەرشیفی وێرانەی میدیای وەرزشی كوردی بە شانازییەوە یاد دەكرێنەوە،ئەوە سەروەت وسامانی راستەقینەی ئالانی كۆچكردوو و وەرزشوانان ومیدیاكارانی وەرزشی كوردییە،ئالان میراتەكەی دوو دیاری لە ئەڵماس بە نرختر و لەگوڵ بۆنخۆشتر و لە زیو جوانتر،بۆ بەجێهێشتین، ئەویش قەڵەمە بوێرەكەی و كاكەپاشای كوڕە شەش ساڵییە بێ نازەكەی!!.ِ

هه‌واڵی گرنگ