یەكگرتوو خەڵك ویستی وخۆنەویستی
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

یەكگرتوو خەڵك ویستی وخۆنەویستی

         یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هەر لەسەرەتای ڕاگەیاندنیەوە لەساڵی 1994 تاكو ئێستا بەردەوام بە گیانێكی خەڵك ویستانەو خۆنەویستانە مامەڵەی لەگەڵ خەڵك وخاكی هەرێمدا كردووە و دەیكات، یەكەم دروشمیش كە لەوپێناوەدا هەڵیگرتووە و كاری بۆكردوە و كاری بۆ دەكات و بەبنەماو بناغەی كاری خۆی دەست نیشانی كردووە بریتیە لە چەمكی (الإصلاح) واتە چاكسازی، كەئەمەش لەقورئانی پیرۆزدا و لە ئایەتی (إن أرید إڵا الإصلاح) سەرچاوەی گرتووە، كە بەسروشتی خۆی چەمكێكە واتە دژە گەندەڵی، بنەبڕكردنی میكرۆب وپەتای گەندەڵییە لەهەرجێگەیەكدا بێت.
مێژووی كاروخەباتی ئەم حیزبەش ئەوەی سەلماندوە كەئەم دروشمەی هەم بە وتارو هەمیش بەكردار جێبەجێی كردووە، یەكگرتوو یەكەم حزبە لەهەرێمی كوردستان دەستی بەخوێنی هیچ كوردێك سورنەبووە، یەكێك بووە لەو پارتانەی بەدریژایی كاروخەباتی لەڕێگەی ڕێكخراوە خێرخوازیەكانەوە توانیویەتی خەندە بخاتە سەرلێوی نازداران و بێ باوكانی ئەم نیشتمانە و فرمێسكە پڕ تامەزرۆییەكانیان بسڕێت، هەروەكو چۆن بەجۆرێك لە جۆرەكان وەك ئەركی سەرشانی خۆی دەستی هەبووە لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بێ ئەوەی منەت بكات بەسەر هیچ كەس ولایەینێكدا، یەكەم حزب بوو كە لەهەڵبژاردنەكانی 2005 دروشمی دژە گەندەڵی بەرزكردەوە و لەوپێناوەدا خوێنی بەخشی و سەرتاپای جەستەی خەڵتانی خوێن كرا، تاكە حیزبە كەنەبنە دیوارو نەپاڵێوگەو نەبیرەنەوت و نەڤیلای هەیە، تاكە حیزبە كەهیچ ئەندامێكی لەدادگاكاندا هیچ قەزیەیەكی یاسایی لەسەر نییە،
ئەوە یەكگرتوو بوو لەخۆپیشاندانەكانی حەڤدەی شوباتدا لە ساڵی 2011 لەپێشەوەی داواو مافەڕەواكانی هاوڵاتیان بووە.
یەكگرتوو لەبابەتی یەكلایكردنەوەی پارێزگاری سلێمانی سەربەخۆیانە بڕیاری داو نەچووە هیچ بەرەیەكەوەو دواجار خەڵكی شاری سلێمانی لەمەسودمەندبوون و لەئەگەری سەرهەڵدانی پشێوی وململانێ ناخۆیەكان ڕزگاری بوو.
یەكگرتووی ئیسلامی لەو ڕۆژەوە كەپەرلەمان پەكخراوە تاكو ئێستەشی لەگەڵدا بێـت بەردەوام لە هەوڵی جددی دابووە لەنێوان حزبەكانی كوردستان بۆ كارا كردنەوەی پەرلەمان چونكە یەكگرتوو بڕوای بەسەروەری یاسا هەیە پەرلەمانیش ئەو دەزگا شەرعیەیە كە سەرچاوەی یاسادانانەو هەر لەم پێناوەشدا بەردەوام لە خەبات كردندایە بۆ گێڕانەوەی موچەی خەڵك و دەربازكردنی ئەم هەرێمە لەو حاڵەتە چەق بەستوەی كەپێوەی دەناڵێنێت، بۆیە هەرئەمەش وای لێكردووە سەربەخۆیانە مامەڵە دەكات لەهەر هەڵوێستێكی سیاسی چونكە بیركردنەوەی یەكگرتوو كوردستانیانەیە بەرژەوەندیەكانی نەتەوەو نیشتمان هەمیشە دەخاتەپێش بەرژەوەنیە حزبییەكانەوە.
هەموو ئەمانە دەیسەلمێنن كە ئەم حزبە بەردەوام كاری لەسەر دروشمی خەڵك ویستی وخۆنەویستی كردووە، وەبەردەوام لە بەرەی خەڵك دابووە و دەبێت.

ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ یەكگرتوو پەیڕەوی دەكات ڕەنگە لای هەندێك خەڵك ولایەن جێگەی نیگەرانی بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دواجار لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا دەبێت، یەكگرتوو باش دەزانێت چی دەكات و چی ناكات، تاكە ئامانج لای یەكگرتوو بریتیە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی.

هەروەها كاتێك حزبێك سیاسەتەكانی لەگەڵ حزبێكی تردا لەهەندێ هەڵوێستدا لەیەكەوە نزیكە لەم كاتەی ئێستادا مانای ئەوەنییە كەئەم حزبە تەسلیمی ئەوحزبە بووە، یاخود مانای ئەوەنییە كە حزبی دەسەڵات هیچ گەندەڵیەكی نەماوە، بەڵكو من وادەبینم یەكگرتوو بۆچونی وایە تاكە ڕێگە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەق بەستوە وەبۆ سەركەوتنی پرۆسەیەكی چارەنوس سازی وەك (ریفراندۆم) جارێكی دی گەڕانەوەیە بۆ مێزی گفتووگۆ، جارێكی دی نەریمی نواندن بۆ یەكتری تاكە ڕێگەیە، خۆ ئەوە نزیكەی دووساڵە پەرلەمان پەك خراوە، هەندێك لە وەزیرەكان نێردراونەتە ماڵەوە، ئەگەر ئەم ڕێگایە ناگیرێتەبەر بۆ چاكسازی و دەرچوون لە و قەیرانە تەنها دوو ئەگەر لەبەردەماندا ماوە كە سێیەمی نییە، یەكەم: پەنابردن بۆچەك وشۆڕش كردن دژی ئەم دەسەڵاتە و دووەم: هەربەم شێوازەی ئێستا كەهەیە وەزعەكە درێژە دەكێشت تاكو كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم وپەرلەمان.
لە ئەگەری یەكەم بە دڵنیایەوە كارەساتی گەورە ڕودەدات وئەوەی كە لەساڵانی ڕابردوو خەباتمان بۆكردوەو بەدەستمان هێناوە لە بەین دەچێت،لە ئەگەری دووەمیش، پرۆسەی ریفراندۆم كە بووەتە واقع و بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵدا و لە پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان بەڕێوە بچێت،پێدەچێت ئەنجامەكەی بریتیی بێت لەسەربەخۆیی كەئاواتی سەدان ساڵەیەتی، بەهۆئەوەی هاوڵاتیەكی برسی گیرفان بەتاڵی بێ متمانە بە هەموو بەهانیشتمانی و نەتەوەییەكانت ناردووەتە سەر سندوقی دەنگدان.
وەلەم ئەگەرەدا دووریش نییە پارتەكانی دەسەڵات كاتی هەڵبژاردن كەبڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا ئەنجام بدرێت جارێكی دی درێژ بكەنەوەو بیخەنە كاتێكی دورتر، ئەم دۆخەی بەسەر خەڵكدا سەپێنراوە زیاتر درێژە بكێشێت و دەرئەنجام خەڵك بیر لەبژاردەیەكی خراپ بكاتەوەو بارودۆخەكە بەئەنجامێكدا بڕوات كە بەهیچ كەس و لایەنێك كۆنترۆڵ نەكرێت و دواجار تەڕو ووشك بەیەكەوە بسوتێت و دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان هەمووی لە دەست بچێت.
كەواتە دروستە بڵێین ئەو سیاسەتەی یەكگرتوو لەم ڕۆژگارەدا پەیڕەوی دەكات بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئێستای هەرێم و وە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بژاردەیەكی باشە، گفتووگۆ وپێكەوەژیان لەگەڵ پارتەكانی دەسەڵات و هێدی هێدی پەنجە خستنەسەربرینەكان و ڕاستكردنەوەی هەڵەكانیان و ئاگاداركردنەوەیان لە گوزرەانی خراپی خەڵك، ئەمە لەبەرژەوەندی خەڵكە نەك بەهەڵڵا و دورشمی بریقەداری بێ كردار بەڕێوەبچێت.
بە دڵنیاییەوە پارتەكانی تری كوردستان باش لە دڵسۆزی وخەمی یەكگرتوو بۆ خەڵك وخاكی ئەم هەرێمە تێدەگەن، بەڵام بە داخەوە ڕاستیەكان ناڵێن بەڵكو لەپێناوی كۆكردنەوەی دەنگ خەڵكی چەواشە دەكەن.
یەكگرتوو باش دەزانێت كە ڕەنگە وەك حزب لەم جۆرە سیاسەتكردنە زەرەر بكات و لە هەڵبژاردنی داهاتوو ڕێژەی دەنگەكانی كەم بكات، بەڵام بەسیفەتی خەڵك ویستی وخۆنەویستی ئەم زەرەری قبوڵە، بەواتایەكی دی ڕێژەی زیاد كردن یان كەم كردنی دەنگ بەلای یەكگرتووە بەئەندازەی باش بوون و چاككردنی گوزەرانی خەڵك گرنگی نییە.
لە كۆتاییدا دەكرێت وێنای ئەم حاڵەتەی یەكگرتوو بكەین بە چیرۆكی (خچر وموسی) ، لەڕووكەشدا دەردەكەوێت لەلای خەڵك كەكاری یەكگرتوو بەتایبەت لەئێستادا لەبەرژەوەندی خەڵك نییە بەڵكو لەبەرژەوەندی پارتێكی سیاسیە، بەڵام لە واقعدا وانییە، بەڵكو بەپێچەوانە دواجار لە ئایندەدا ئەم ڕاستییە ڕۆشن دەبێتەوە.

هه‌واڵی گرنگ