سەددێکمان پێویستە !!!
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سەددێکمان پێویستە !!!


فەساد و گەندەڵیی تایبەتمەندییەکی مرۆڤەکانە ، یەعنی هەتا مرۆڤ هەبێت گەندەڵیی و خراپە دەبێت ، کە ئەمەش رێژەییە و قابیلی کەم و زیاد بوونە ، بەگرتنە بەری هۆکارە ماددی و مەعنەوییەکان وەکو ئیمانداریی و پەروەردەی تاک و یاسای تووند و بەهێز،یان بێدەنگی و سەرکزکردن ...


بنبڕکردنی گەندەڵیی ئەستەمە ، کەم ئەکرێتەوە بەڵام کۆتایی پێنایە ، خۆ ناش بێت تاک و کۆمەڵگە بێدەنگ بن و ساحەکە چۆڵ بکەن موفسیدین تەراتێنی تیا بکەن .
قورئان باس لە [زولقەرنەین] ئەکات ،پیاوێکی ئازا و بە غیرەت و زانا و لێهاتوو بووە ، خۆرهەڵات و خۆرئاوا گەڕاوە ، ئەرکی پایەدارکردنی یاسا و عەدالەت بووە .


[ زولقەڕنەین] ئەگات بە قەومێک کە بە زەحمەت لە قسەکانیان حاڵی دەبوو ، ئەم قەومە ناحاڵییە هەر ئەوەندەی ئەزانن زوولقەرنەین پیاوێکی هەڵکەوتوو و بەتوانایە ، یەکسەر شکاتی دڕندەیی و خراپی و فەسادی [یاجوج و ماجوج] دەکەن ، ئەم قەومە ناحاڵییە وەڕس بوون بەدەست هەمەجییەت و فەسادی یاجوج وماجوجەوە ، ئەڵێن بە زولقەڕنەین ئامادەین خەرجیت بدەینێ بەمەرجێ [سەددێک] درووست بکەیت و بەینی ئەم دوو چیا بەرزە پڕ بکەیتەوە ، بەجۆرێ ئیتر[ یاجوج وماجوج] دەستیان پێمان نەگات و دووربین لە فەسادیان...
زولقەڕنەینیش بەو هەموو توانایەوە زانیی کە ناکرێت هەر لە ڕیشەوە هەڵیانکێشێ و سەرزەمین لە فەسادی [یاجوج وماجوج] رزگار بکات ، بۆیە گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە دوورخستنەوەی گەندەڵکاران باشترە لەوەی رێگا لەبەردەمیانا کراوە بێت ، ئیتر پێشنیارەکەی قبووڵ کرد ، بەڵام یارمەتی و پارەی ئەو قەومەی رەد کردەوە و ووتی [ئەوەی خوا بە منی داوە لە دارایی و لە زانیاریی ، لەو خەراجەی ئێوە چاکترە، ئێوە تەنها بە هێزی کارگەران یارمەتیم بدەن ] ، ئیتر بەپلانێکی ئەندازەیی مەحکەم ، کوتلەی گەورەی ئاسن و مس و گەرمای زۆر ، بەربەستێکی بۆ درووست کردن کە یاجوج و ماجوج نەتوانن تێیپەڕێنن ، هەتا کاتی دیاریکراوی خۆی....
پوختەی باسەکە ئەوەیە :
ئەو قەومە کە لە (قسە حاڵیی نەدەبوون )، کەچی فەساد و خراپەکاریی [یاجوج و ماجوج] هێنابوونیە قسە ....


ئەو قەومە ناحاڵییە ، حاڵیی بوون کە زولقەڕنەین توانا و لێهاتوویی زۆرە ، بۆیە ئومێدی ئەوەیان تیا بەدی کرد کە فریادڕەسیان بێت و لە شەڕ و خوێنڕێژی یاجوج و ماجوج رزگاریان بکات....
ئەم قەومە ناحاڵییە ئەوەندە حاڵیی بوون کە ئەگەر لەپارە و داهاتی خۆیان خەرجیی بیناکردنی سەددێک بگرنە ئەستۆ ، چونکە ئەو خەرجی و ماندوو بوونە هێشتا زۆر کەمترە لە تەحەمولکردنی باجی گەندەڵکاران..

زولقەڕنەینیش فێری کردین کە بەهاناوە هاتنی قەومێک لەم سەر زەمینەدا و رزگارکردنیان لەدەست موفسیدەکان ، ئەرکی مرۆڤی پەیامدارە...
بەنداوێک درووست بکرێت و موفسیدین دوور بخرێنەوە باشترە لەوەی کە بە ئازادی تەراتێن بکەن....
میللەتی هۆشیار پێویستی بەوە هەیە کە زولقەڕنەینێک پەیا بکات ، ئامادەبێت خەرجیی بدات و [شیری حوشتر و دیاری عارەب]، چاویان نەکەوێت بەناوچاوانی فاسیدەکان ....
خەرجیی بەڕەنگاربوونەوەی فەساد و گەندەڵکاران کەمترە لە خەرجی و باجی بێدەنگ بوون و سەرکز کردن لەئاست ئیسرافی خوێنڕێژیی و گەندەڵی موفسیدەکاندا....


*******
تاها سۆڵەیی
دارولموڵکی بابان
23ی تەممووزی 2017

هه‌واڵی گرنگ