ئەمرۆ ئەرسناڵ و مان یونایتد بەجیا لە یۆرۆلیگ یارییان هەیە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمرۆ ئەرسناڵ و مان یونایتد بەجیا لە یۆرۆلیگ یارییان هەیە

 

یانەی مانچستەر یونایتد دەگەرێتەوە بۆ ركابەرییەكانی یۆرۆلیگ كە لەسەرەتای وەرزەوە پلانی بۆ داناوە بەدەستی بهێنێت و ئەم وەرزە بەدەستی خاڵی یاریگاكان بەجێنەهێڵێت.

یانەی مانچستەر یونایتد بەسەرپەرشتی ئۆلی گۆنار سۆلشكایەری نەرویجی خۆی ئامادە دەكات رووبەرووی یانەی غەرناتەی ئیسپانی ببێتەوە.

بەپێی مێژوو یارییەكە لاسەنگە و بۆ مان یونایتد سۆزی هەیە ، بەڵام بەهێزی تیپەكانی ئیسپانیا و ئەنجامە چاوەرواننەكراوەكان هەموو هاندەرێكی یونایتدی تووشی دڵەراوكێ كردووە.

یانەی مانچستەر یونایتد لەقۆناغی رابردووی یۆرۆلیگ توانی یانەی میلان دووربخاتەوە ، ئەركی تیپەكەش پێناچێت ئەوەندە قورس بێت ئەگەر تێبینی ئەوەە بكەین لەمێژوودا یانەی غەرناتە یەكەم جارە بەشداری پاڵەوانیەتییەكە بكات و ماوەی (90) ساڵە ئەم قۆناغەی نەبینیوە.

یانەی مانچستەر یونایتد ئەنجامەكانی لە خولی ناوخۆیی باشن بەڵام تا رادەیەكی زۆر ئاڵای سپی بۆ مان سیتی بەرزكردۆتەوە و خۆی بەدەستەوەداوە ، ئەوەی لەبەردەمی راهێنەرەكەی یونایتد مابێت تەنها یۆرۆلیگە.

پێش یارییەكەی رابردوو بەرامبەر برایتۆن لەخولی ئینگلیزی , سۆلشكایەر رایگەیاند , مارتیال بەشداری ناكات و ماوەیەكی زۆر لەیاریگاكان دووردەكەوێتەوە ، هەرچی راشفۆردە ئەگەری بەشداری كردنی هەیە بەڵام ئەریك بایلی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەشداری ناكات.

لەریزەكانی غەرناتەش یاریزانی ناوەراست لویس میلا و هێرشبەر لویس سوارێز بەشداری ناكات ، ئەمەش ئەركی یانە ئیسپانییەكە هێندەی دیكە قورس دەكات.

لەلایەن خۆشییەوە یانەی ئەرسناڵی ئینگلیزی لەیارییەكانی چوونی قۆناغی چارەكی كۆتایی یۆرۆلیگ رووبەرووی یانەی سلاڤیا براگی چیكی دەبێتەوە , یارییەكەش لەسەر یاریگای ئیمارات لەشاری لەندەن بەرێوەدەچێت.

تیمەكەی میكیل ئەرتیتا هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ راوكردنی یاریزانانی سلاڤیا براگ و گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو ، دەیانەوێت قەرەبووی ئەنجامە خراپەكانیان بكەنەوە لە خولی ئینگلیزی كە لەدواین یاری بە سێ گۆڵ بەرامبەر لیڤەرپوول دۆران.

هەردوو یانە لەمێژوودا دووجار رووبەرووی یەكتربوونەتەوە ، لەیارییەكدا ئەرسناڵ براوەبووە وە لەیارییەكیشدا یەكسانبووە بێ ئەوەی هیچ سەركەوتنێك بكاتە بەشی سلاڤیا براگ.

ئەرسناڵ توانیویەتی (7) جار لە دەرگای گۆڵی سلاڤیا براگ بدات ، هەرچی ئەو یانەیە نەیتوانیوە هیچ گۆڵێك تۆمار بكات.

یانەی ئەرسناڵ یەكێكە لە پاڵێوراوەكانی نێو ئەو هەشت یانەیەی كە ئێستا ركابەری دەكەن بۆ بردنەوەی نازناوەكە ، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت لەئێستاوە بیر لە یاری كۆتایی بكاتەوە و ئەو دێوەزمەیە بشكێنێت كە لە (2000) و (2019) هەردوو جار لەیاری كۆتایی نازناوەكەی لەدەستداوە.

ئەوەی ئێستا لەبەردەمی ئارتیتا مابێت بۆ رزگاركردنی وەرزەكەی تەنها ئەم یارییەیە پێش ئەوەی بەدەست بەتاڵی ماڵئاوایی لە وەرزەكە بكات.

هه‌واڵی گرنگ