لیڤەرپوول دواین بەختی خۆی تاقی دەكاتەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لیڤەرپوول دواین بەختی خۆی تاقی دەكاتەوە

 

 

دوای بەرامبەر بوونی مانچستەرسیتی لەگەڵ وست هام یۆنایتد، یانەی لیڤەرپول بە ئامانجی بەدەست هێنانی بردنەوە بەرامبەر ساوسهامبتۆن روودەكاتە یاریگای سێنت ماری بەمەبەستی كەم كردنەوەی جیاوازی خاڵەكان لەگەڵ مانچستەرسیتی پێشەنگ و بەردەوامی ركابەری كردن لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە.

لیڤەرپول ئەم یارییە دوای بەدەست هێنانی نازناوی جامی یەكێتی یانەكانی ئینگلتەرا ئەنجام دەدات، لەم وەرزە تیپەكەی كلوپ دوو نازناوی بەدەست هێناوەو هەوڵ دەدات لەسەر سێیەم نازناوی ناوەخۆش بەردەوامی بە ركابەری كردن بدات.

لیڤەرپول لەم وەرزە خاوەنی 86 خاڵەو پلەی دووەمی ریزبەندی گرتوەو بەجیاوازی چوار خاڵ لەدوای یانەی مانچستەرسیتی پێشەنگ دێت، لەكاتی بردنەوەی ئەم یارییە جیاوازی خاڵەكان دەبێتەوە یەك خاڵ، ئەگەر یانەی لیڤەرپولیش توشی دۆران بێت ئەوا نازناوەكە لە بەرژەوەندی مانچستەرسیتی یەكلایی دەبێتەوەو ئەگەر بەرامبەریش بن ئەوا بەرێژەیەكی زۆر لیڤەرپول نازناوەكە لەدەست دەدات.

یۆرگن كلوبی راهێنەری لیڤەرپول لەبارەی یارییەكە گوتی:" ئەم یارییە بۆ تیپەكەمان زۆر گرنگە و پێویستە بردنەوە تۆمار بكەین، وەك یارییەكانی رابردوو بۆ بردنەوە تێدەكۆشین، هەریەك لە فیرگل ڤان دایك و محمد سەلاح لە یارییەكەش بەشداری ناكەن كە لەیاری بەرامبەر چێڵسی توشی پێكان هاتن، هەوڵ دەدەم شوێن گرەوەی باش لە شوێنی ئەمانە بەشداری بكەن".

هەرچی یانەی ساوسهامبتۆنە 40 خاڵی هەیەو پلەی 15می ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە مانەوەی لە پرێمەرلیگ مسۆگەر كردووە، بەڵام پێویستی بە، بەدەست هێنانی ئەنجامێكی باش هەیە، بۆ ئەوەی زیاتر لە ریزبەندی یانەكان بچێتە پێشەوە، ئەم یانەیە لە چوار یاری رابردوو تەنها یەك خاڵی بەدەست هێناوە، ئەم یارییەش بۆ ساوسهامبتۆن زۆر زەحمەتە، چونكە لیڤەرپول وەك یاری كۆتایی سەیری ئەم یارییە دەكات.

لەیاری چوونی نێوانیان لیڤەرپول بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر بردنەوەی بەدەست هێناوە، ئێستاش لیڤەرپول لە لوتكەی ئاستیدایەو دوورنیە سەركەوتنێكی مەزن تۆمار بكات.

 

هه‌واڵی گرنگ