خولی ئینگلیزی خەریكە دەكوڵێت , بەجۆرێك ئاگرەكەی تا ناوەراستی هەفتەی داهاتوو ناكوژێتەوە, یانەكان شەر لەسەر پاڵەوان بوون دەكەن , ئەوانی دیكەش شەر لەسەر ریزبەندییەكانی كۆتایی دەكەن بۆ مانەوە لەپرێمەرلیگ.
هێشتا پاڵەوانی پرێمەرلیگ دیار نییە ئایە رەنگی ئاهەنگەكە سوورە یان شینەكەی مان سیتییە , چونكە نە لیڤەرپوول نازناوەكەی یەكلایی كردۆتەوە , نە مانچستەر سیتی بۆتە پاڵەوان.
ئێستا شەرەكە جگە لەوەی شەرەكە لەسەر نازناوە , شەرێكی دیكە ماوە یەكلایی ببێتەوە ئەویش ناوی ئەو یانەیە كە شان بەشانی واتفۆرد و نۆرویچ سیتی دادەبەزبێت بۆ پرێمەرشیپ.
ئەمرۆ سێ یاری دواخراو لە خولی نایابی ئینگلیزی بەرێوەدەچێت ، یەكێكیان بۆ مانەوەیە ئەوەی دیكەیان بۆ سەلماندنە , ئەوەی كۆتاییش لەپێناو دووركەوتنەوەی لە كۆتایی پرێمەرلیگ.
یانەی ئێڤەرتۆن لەكاتژمێر (9:45) شەو بەكاتی هەولێر لەسەر یاریگای گۆدیسۆن پارك لەشاری لیڤەرپوول رووبەرووی یانەی كریستال پالاس دەبێتەوە.
یانەی ئێڤەرتۆن هێشتا بەمسۆگەری لەریزی یانە نایابەكانی ئینگلتەرا نەماوەتەوە ، بەڵام بەبەدەستهێنانی سەركەوتن بێ ئەوەی گوێ بەدواین یاری بدات لەریزەكانی پرێمەرلیگ دەمێنێتەوە.
هەرچی كریستال پالاسە تەنها لەپێناو سەربەرزی خۆی یاری دەكات ، نە دادەبەزێت نە سەردەكەوێت بۆ هیچ خولێكی ئەوروپی بۆ وەرزی داهاتوو.
یاری دووەمیش كە كاتژمێر (10:00) شەو بەرێوەدەچێت ، یانەی ئەستۆن ڤێلا لەسەر یاریگای ڤیلاپارك رووبەرووی یانەی بێرنلی دەبێتەوە.
لەسەر ئەرزی واقیع یانەی بێرنلی نزیكترین یانەیە بۆ ئەوەی دابەزێت بۆ ریزی یانە پلە یەكەكانی ئینگلتەرا ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەو دوو یارییەی ماویەتی دەتوانێت بەفەرمی مانەوەی خۆی رابگەینێت.
بێرنلی خاوەنی (34) خاڵە و پلەی (18)ـی ریزبەندی گرتووە لەهێڵای سوورە بۆ دابەزین بۆ ریزی یانە پلە دووەكان بەڵام دوو یاری ماوە و یارییەكی كەمتر لەركابەرەكانی ئەنجامداوە.
ئەو یانەیە تەنها یەك خاڵ لە لیدز یونایتدی پێش خۆیی و دوو خاڵ لەدوای یانەی ئێڤەرتۆنی خاوەن پلەی (16) دێت.
ئەگەر بێرنلی ئەم یارییە لە ئەستۆن ڤێلا بباتەوە ، بەشێوەیەكی نیمچە فەرمی دەتوانێت مانەوەی خۆی رابگەینێت بەو مەرجەی ركابەرەكانی دووچاری دۆراندن بێن.
لەدواین یاری ئەمشەویش لە كاتژمێر (10:00) شەو یانەی چێڵسی كە توانی پلەی سێیەم مسۆگەر بكات رووبەرووی یانەی لیستەر سیتی دەبێتەوە ، نە لیستەر سیتی دەتوانێت بەشداری خولەكانی ئەوروپا بكات ، نە بە دۆراندنی چێڵسی كورسییەكەی چامپیۆنس لیگی لێ دەستێننەوە.