نووگرە سەلمانم بینی: پێشکەشە بە سوعاد
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نووگرە سەلمانم بینی: پێشکەشە بە سوعاد

ووتی :خاڵۆ گیان ، ئەوە بۆ دەنگت نییە ، خوا قەزات لێم کەوێ ..؟

ووتم ئەزانی لەکوێوە قسەت لەگەڵ دەکەم ؟

ووتی :نەوەڵڵا..

ووتم : لە نووگرە سەلمانەوە ،

، زمانی شکا ، داچڵەکا ، لە چرکەیەکا سی و یەک ساڵی بیرکەوتەوە ، هەیڕۆ ، چی؟ چی گەیاندوویتە ئەوێ ؟

وتم : خۆشەویستی و وەفام بۆ بنەماڵەی لالە حەمەساڵحی مامۆستا مەلاحەسەنی رۆستەم ، لە دەرەواری خواروو...

بۆ تۆ و یادی ئەو رۆژانەی کەسمان بیرمان نایەت ، دایە ئامین بەدەم تەونکردن و جگەرەکێشانەوە شیری دەدا بەهەردووکمان...

بوومە قوربانت ئاگات لەخۆت بێت..بەخوا من لەمانگی سێوە هەتا چوار تەواو دەبێت خەفەت دەخۆم ، گشت ساڵێ ، ئیسە سەرم زۆر ژان دەکا ، خەریکە ئاگام لەنوێژەکانیشم نامێنێ ، توخوا ئیتر لێم مەگرن ، بەخوا ناحەقم نییە...

ئەمە ناسۆری ژنە گەرمیانییەکە ، لە هاوسەر و چوار براکەی ، ( ئاوێز)ی تاقانە کچەکەی بۆماوەتەوە...

رەشپۆشە ، هەردەڵێی نیسانی ئەمساڵ ئەنفالەکە کراوە...

ئیتر ئەمە ناوی چییە ؟ خۆشەویستی بێ کۆتایی ؟ زامی قوڵی قەت ساڕێژ نەبوو ؟ بێ ئومێدیی لەژیان دوای چواربرای خاس و مێردێکی چاک؟ پەشیمانی لەرابووردو و ئەو هەموو خزمەت و نان و چێشتەی خستیانە سەرسینی بۆ بەرپرسەکانی پێشمەرگە و بێ وەفایی ئەوان ..؟حەتمەن خەمەکان زۆرن ، بۆیە سەبووریی بۆنایە...!

رۆژی چوارشەممە ، 24/3/2019 ، دووای سی و یەک ساڵ و دە رۆژ لە شاڵاوی ئەنفال ، بەتایبەتی کەوتمە رێ بەرەو نوگرە سەلمان...

پارێزگایەک هەیە لە عێراقدا ناوی موسەننایە ، مەڵبەندی پارێزگاکە بە سەماوە ناسراوە ... رووبەرەکەی 51,740کیلۆمەتری چوارگۆشەیە ، چڕی دانیشتوان 16.4/km2

لە ناو پارێزگای سەماوەوە سەدوچل و دوو کیلۆمەتر دەڕۆیت ، ئینجا دەگەیتە شوێنێک پێی دەڵێن قەزای( السلمان)، زیاتر لە سەد کیلۆمەتر بەهەموو لایەکدا هیچ دیارنییە ، لم و بیابان و چۆڵیی نەبێت..

ئەم ووڵاتە بیابانە ، وەکو پارێزگا دووەمین پارێزگای عێراقە لەروی فراوانیی رووبەرەکەیەوە ، ئەگەرچی روباری فورات پیایدا تێپەڕدەبێت، بەڵام زۆرینەی سەحرایە ، خوێیە ، هەتا چاوبڕکا چۆڵەوانییە ، جارجارێک کۆچەری و حەیواندار دەبینرێت ، ئەوان بە رانە مەڕوبزن و حوشتر دەڵێن حەلال...

جا لەوبیابانەوە وردە وردە دادەبەزیت بۆ چاڵاییەک ، عەرەب بەو چاڵە دەڵێن نوگرە ، شارەکەش 

(السلمان )ە، دەبێتە نووگرە سەلمان..

السلمان قەزایەکەی کۆنە ، هاوسنوورە لەگەڵ بیابانی سعودیە و پارێزگای رەفحا، قەزای السلمان

46,928 کیلۆمەتری چوارگوشەیە ، کەچی بەدوو ناحیەوە ئینجا نۆزدە هەزار کەسی تیادایە، دوای زیندانەکە چووم بۆ ناو قەزاکە ، هەردەڵێی خۆڵی مردوو کراوە بەسەریانا ، قەزایەکی بێ رەنگ ، دەڵێی چێشتی بێ خوێیە، بەجادەو کۆڵانەکاندا دەڕۆیشتم ، سەیریان دەکردم ، ئەم غەریبە دەبێ کێ بێت؟.

لەبەغدادەوە دەبێت570 کیلۆمەتر ببڕیت ، ئینجا دەگەیتە نوگرە سەلمان ..

دوو زیندان لەوێ هەیە ، یەکێکیان ئینگلیز درووستی کردووە لە دەروازەی قەزاکەدا ، سەربازگەیە و ئاوەدانە ...ئەوی تریشیان لە بەرزاییەکدایە ، دەڕوانێت بەسەر شارۆچکەکەدا ، چۆڵە ، وێرانەیە ، تەنانەت خەڵکی ئەو ناوە دەیانووت ، ناوێرین بێین بۆ ئێرە ، ئەوەندە خەڵکی تیا مردووە ، ئێستا جنۆکەی تیایە ، مەسکونە !؟ 

زیندانەکانی نوگرە سەلمان ، مێژوویەکی رەشیان هەیە لە ونکردنی دەنگ و رەنگ و خەبەری هەزاران ، سەرەتا لە شیوعیەکانی عێراق و پاشان حیزبی دەعوە و ئینجا دەیان هەزار کورد ...

لەو کەسایەتیانەی کە تاڵاوی ئەوێیان چەشتووە :

موزەفەر نواب ، مەلا جەمیلی رۆژبەیانی ، خالید شەتری ، مەحمود چەلەبی و عریان سەید خەڵەف و چەندین کەسایەتی تری بیرمەند و نووسەر و شاعیری بەناوبانگی عێراقی ...

نوگرە سەلمان مەنفایە ، شوێنی دوورخستنەوە و غەریبخستنە ، زیندانە ، شوێنی ئەشکەنجە و زیندەبەچاڵکردنە ، جەهەننەمێکە لەسەر زەوی ، مەگەر رۆژی قیامەت فلیمەکان ببینین ، مەزڵومەکان چی عەزابێکیان چەشتووە بەدەست بێ رەحمەکانەوە..

بەو چاو و خەمڵاندنە هەندەسیەی خۆم ، کە سەرم وەکو پانکەی لێهاتبوو لەناوسەیارەکەدا ، تاوێ ئەملام دەکرد ، تاوێک ئەولام دەکرد...دوژمن لە ماڵ ناهومێد...هیچ دیارنییە...نزیک نوگرە سەلمان ، شارۆچکەیەکی عەسرییان درووست کردووە ، خانوی باش و خزمەتگوزاری ، کەچی کەس نایەت تیا نێشتەجێ ببێت...!

بیرم دەکردەوە ئەگەر برا ئازاکانی سوعاد و هاوسەرە بوێرەکەشی کە ئاسکی هەردی گەرمیان بوون ، هەموو ئەوانەی توانا و هێزی جەستەییشیان زۆر بوایە ، ئەگەر بێ سەججان و پاسەوانیش بوونایە ، ئەوا لە بیابانی لەبن نەهاتوو و گەرم و چۆڵی نوگرەسەلمان و موسەننادا وێڵ دەبوون ، گەرما و تینوێتی دەیکوشتن .. سرووشت لێرە سەیره ، بە هیچ جۆرێک بە سروشتی کوردستان بەراورد ناکرێت..

دیوار و حەوشە و ژور و چواردەوری ئەم قەڵا پتەوە ، خەون و چیرۆکی هەزاران خێرلەخۆنەدیووی بردۆتە ژێرخاک...

بڵێم چی ، ئێمە لەکوردستانیشا خاوەنی خاکی خۆمان نیین ، چ جای لە نوگرە سەلمان...

خۆزگە ئێمە زوو داوامان بکردایە ئەم قەڵا سامناکە بکرێت بە موڵکی کوردستان ، ئاخر بەسەرخاکیشدا ئەگەر نازبکەن حەقتانە کوردان ، گوڵاڵە سوورەی ئەم بیابانە خوێناوی جگەرتانە، ئێستا عەرەبی ئەو ناوە بەم قەڵا وێرانە دەڵێن قەلعەت ئەکراد...دەبوو داکۆکیمان بکردایە کە ئەمە روفاتی هەزارانی ئێمەی تێدایە ، بەپارە بمانکڕیایە ، نوگرە سەلمان سەیوانێکی ترە بەڵام نەک لە مەملەکەتی بابان ، بەڵکو لە قوڵایی بیابان ، هیچ نەبێت وەبەرهێنەرێک بیکردایە بە مۆزەخانە...نەیانهێڵایە ئاوا وێران کرایە...

میسرییەکان بۆ تا ئێستاش هەربەدوای گۆڕی فیرعەونەکانەوەن...

با ئێمەش گرنگیمان بدایە بەم قەڵایە و سنووری چواردەوری.

سروشتی وشک و دڵڕەقی خەڵکی ناوچەکە ، خێڵەکی و بیابان و کۆچەری و دەوارنشین ، بیریان لای دزی و فەرهود بووە ، بۆ سویچ پلاکێک ، بۆ کێبڵ و وایەرێک ، بۆ دەرگا و پەنجەرەیەکی کۆن ، چۆن ئەو شوێنەوارەیان وێران کردووە ، بەخەتی ناخۆش ، یادگارییان نوسیوە و هەموو نووسین و شوێنەوارەکانی کورد و عەرەب و زیندانیە شیعە و شیوعیەکانیان سڕیوەتەوە..

عەسرێکی درەنگ بوو ، پێشبڕکێم بوو لەگەڵ کاتا ، زیاتر لە سێ سەعات سەروخوار و حەوشە و سەربان و هۆڵ و ژوور و توالێت و دیوار نەما نەگەڕێم ، بەدوای شوێن خەتێک ، نووسینێک ، زانیارییەک ، تەنها بینیم هەڵکۆڵرابوو (بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان )...

هەندێ نووسینی عەرەبی ناوەڕاستی هەشتاکانیشی تیابوو ..

زیاتر شیعارەکانی سەردەمی شەڕی قادسیه و بەعس و سەدامی تیابوو ، هیچیان لێنەهاتووە و وەکو خۆی ماوەتەوە..

دەبا وەزارەتی شەهیدان سەد گەنجی چالاک و خوێنەوار بنێرێتە دەرەوەی ووڵات ، لەماوەی خوێندن و توێژینەوە و مەشق پێکردنی چەندساڵێک ، لە شوێنەوارناسی و کنەکردن و بنکۆڵکارییدا ، دەتوانن بگەڕێن بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ..

زۆر باش دەبێت ئەگەر حکومەتی هەرێم بگەڕێت لەو کەسانەی ماونەتەوە لە پاشماوەی ئەنفالەکان ، ببرێنەوە بۆ ئەوێ بیریان دەکەوێتەوە ، ئەو هەموو شەهیدە لەکوێ خراونەتە ژێر گڵەوە..

بە بەدواداچوونی ماندوونەناسانە ، هاوکات و هاوکار دڵنیام خەڵکی عەرەبی ئەو دەوروبەرەی نوگرە سەلمان ، کەسانێک هەر پەیا دەبن بیریان بێت ، چی رویداوە و لەکوێدا بووە ...

ئاخر خنکان بەگازی ژاراوی ، وەکو شەهیدەکانی هەڵەبجە زۆر سەخت و بەسوێیە ، بەڵام چونکە لاشەکانیان دیارە و گۆڕ وون نیین ، خەمێک کەمتر..بەڵام کە ئەڵێین ئەنفالەکان ، ئیتر هەموو تراژیدیاکان لەم ووشەدا نقوم دەبێت...

چۆن بران بۆ ئەوێ ؟ بەچی بردونیان ؟ چۆن جێیان کرایەوە ؟ چییان پێکردن ؟ چیان دەرخوارد دەدان ؟ چەند بێ بەزەیی بوون لەگەڵیاندا ؟ چۆن کوژران ؟ لەبرسا مردن ؟ لەتینوانا خنکان ؟ لەگەرما تەقین ؟ لەخەفەتا دڵیان وەستا ؟ لەقریشکەی دایک و مناڵ بەندی جەرگیان بڕا ؟ کە مردن نوێژیان لەسەرکرا ؟ کفنەکانیان رەنگی چۆن بوو ؟ چۆن ئەسپەردەی لم کران ؟ تراژیدیای ترس و سەگەڕەشەکان چۆن بوو ؟ حەججاج چۆن عەرزی عەزەڵاتی دەکرد...؟ ئەمانە و هەزارانی تریش ، ون بوون ...چون بە قوڕا ..خەمساردی لای خۆشمان ، لەولاوە بابووەستێ...

جولەکە لە ئۆردوگای ئۆشوویتز چەندین فلیمی براوەی ئۆسکاریان بەرهەمهێنا و سۆزی جیهانیان بۆ لای خۆیان راکێشا ، تورک لە ئورتوغرول دەیان ئەڵقەی تیڤی بەرهەم هێنا و مێژوو دەنووسنەوە، یۆنانیەکان بەهۆی بەسەرهاتی ترۆی و ئەخیل و ئەسکەندەری گەورە ئەفسانەی گریکەکانمان پێدەڵێنەوە ، ئاخۆ بەردەقارەمان و عەولە سیس ، عومەری خاوەر و ئەمنە سوورەکە ، هەیئەی کەرکوک و نوگرەسەلمان ، موڵکی ئەوان بوونایە ، ئێستا خەنی نەدەبوون...؟

دواجار بەکۆڵێ خەفەتەوە ، هەندێک پاڕامەوە کە خوا بمبەخشێت بەخوێنی بەناحەق رژاوی نیشتەجێکانی ئەو زیندانەوە ، پاڕامەوە خوا سەبووریی بۆ سوعاد و سەعدە و رەشپۆشە چاولەڕێکان بنێرێت..

٭٭٭٭٭٭٭٭٭

ئەندازیار تاها سۆڵەیی

نوگرە السلمان

موسەننا ...سنووری سعودیە.

24 /4/2019

هه‌واڵی گرنگ