ئەمڕۆ سیستەمی زانكۆ ڵاین كارا دەكرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمڕۆ سیستەمی زانكۆ ڵاین كارا دەكرێت

 

 

پرۆسەی وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و لە ئەمڕۆوە (10/10/2020) كاتژمێر (12) ی نیوەڕۆ، زانكۆڵاین بۆ ماوەی (10) ڕۆژ بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی دەكەوێتە ‌كار.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆ ڕۆژی شەممە كە دەكاتە ڕێكەوتی (10/10/2020) لە كاتژمێر (12) ی نیوەڕۆ وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی تا كاتژمێر (12) ی شەوی ڕۆژی (19/10/2020) واتە بۆ ماوەی (10) ڕۆژ كارا دەكرێت، بەوەش دەرچوانی پۆلی (12) ی ئامادەیی لەو ماوەیە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانكۆو پەیمانگەكان پڕبكەنەوەو پێشكەشی بكەن، هەروەك دەرچوان دەبێ بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر لە خوێندنگەكانیان وەریانگرتۆتەوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن پڕبكەنەوە.

بۆ خوێندنی تایبەتیش، زانكۆو پەیمانگە تایبەتەكان دەتوانن فۆڕم بەسەر خوازیاران لەخوێندنی تایبەت دابەش بكەن.

سەبارەت بەپلانی وەرگرتن بۆ خوێندنی ئەمساڵ بەهەر سێ سیستەمی خوێندنی (گشتی، پارالێڵ، ئێواران)، لە زانكۆ حكومیەكان بریتییە لە (54537) كورسی، كە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی وەرگرتن لەهەرێمی كوردستان پلانی وەرگرتن بگاتە ئەو ژمارەیە، هاوكات پلانی داواكراوی زانكۆو پەیمانگە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان بریتییە لە (27630) كورسی خوێندن.

سەبارەت بەژمارەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی كە ناوەكانیان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕەوانە كراوە بریتییە لە: (72264) دەرچوو، كە (46288) دەرچووی زانستی و (24379) دەرچووی وێژەیی و (1637) دەرچووی بەشە پیشەییەكانن، سەرەڕای ژمارەیەكی زۆری دەرچووانی ساڵی رابردوو كە لەهیچ شوێنێك ناویان دەرنەچووە ئەمانەش مافی پێشكەش كردنیان هەیە كە سیستمەكە ڕێگەی پێشكەش كردنیان پێدەدات.

بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری دەرچوانی پۆلی دوانزەو ئاشنابونیان بەسیستمەكانی وەرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) پێویستە سەیری ئەو ڤیدیۆ فێركارییە بكەن كە لەسەر وێبسایتی (www.regayzanko.com) داندراوە، هاوكات بۆ هەمان مەبەست دەتوانن لەسەر هەمان وێب سایت ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەك بنچینەیەك بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكانیان، هەروەهاش دەتوانن سەردانی مەڵبەندەكانی ڕاوێژكاری زانكۆكان بكەن بۆ وەرگرتنی ڕوونكردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بەسیستەمە جیاوازەكان، كە ئەمەش دەرەفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچوان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشكەش بكەن و ئاگاداری وردەكارییەكانی سیستمەكە بن و هەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەكان پڕبكەنەوەو ڕو لەو سەنتەرانە نەكەن كە فەرمی نین و تەنها بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەكەنەوە.

سەبارەت بە هەبوونی پەیج و ئەكاونت بەناوی زانكۆڵاین و ناوەندی وەرگرتن، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت ستافی وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەكاونتێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیە بەناوەكانی زانكۆڵاین و ناوەندی وەرگرتن یان هەر ناوێكی دیكە، بەڵكو تاكە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەكانی ئێمە لەڕیگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییە.

 

هه‌واڵی گرنگ