ئەگەر خولی نایاب تەواو بكرێت، ئامادەم سەری خۆم سفر بكەم
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەگەر خولی نایاب تەواو بكرێت، ئامادەم سەری خۆم سفر بكەم

 

ماوەیەكە باسوخواس لەسەر دەستپێكردنەوەی خولی نایابی كوردستانە بۆ وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠، كە ئەوەش خواستێكی خەیاڵییە لەم دۆخ و كاتەدا و ناكرێت لەسنوری لۆجیكدا مامەڵەی لەگەڵ بكەین.

ساجد كەمال ڕۆژنامەنوسی وەرزشیی لە نوسینێكدا كەوێنەیەكی بۆ كوردیو نێردراوە، ڕایگەیاند: سەرەتا بەرپرسانی فدراسیۆنی تۆپی پێ كوردستان بەبیانووی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سەرجەم چالاكیەكانی تۆپی پێیان ڕاگرت، دواتر لە لێدوان و سەرنجەكانی خۆیانەوە دەركەوت ڕاگرتنی چالاكییەكان پەیوەندی بە نەبوونی ستراتیجەوە هەبووە لە كاروپلاندانان.

لەلایەكی دیكەوە بەهۆی داڕووخانی ژێرخانی ئابووری فدراسیۆن و كەڵەكە بوونی ئەو قەرزانەی بەرانبەر مافی سەرپەرشتیاران و داوەران و خەرجیەكانی دیكە دەكەوێتە لایان، هەر زوو دانیان بە مایەپوچبوونی سندوق و خەزێنەی فیدراسیۆنەكەدا نا.

لەئێستا و لەم دۆخە ناهەموارەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێ بێچارە چاوەڕێی بەزەیی و كەرەمی حكومەتە تا بە بڕە پارەیەك بەسەریان بكاتەوە، هەموو ئەمانەش دەمانگەیەننە ئەو بۆچوونەی دەستپێكردنەوەی خولەكە لێدانە لە خەیاڵ و موجامەلەیەكی ڕوونی هەوادارانی تۆپی پێیە لە باشووری كوردستان.

بەدەر لەهۆكارەكانی پێشوو، ئاماژە بە چەند هۆكارێك دەكەین كاریگەری ئاگرینیان دەبێت و دەكرێت وەك ڕێگر لەبەردەم پڕۆسەكە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت:

• لەدەستەوە بۆ دەست، فیدراسۆن چاوەڕێی دەستی حكومەتی هەرێمە و حكەمەتی هەرێمیش چاوەڕێی دەستی حكومەتی فیدڕاڵ و فرۆشتنی نەوتە، هەموومان دەزانین دۆخی هەرێم لەڕووی ئابوریەوە چۆنە و ئەم بابەتە تاكە پرسیار و گومانێك هەڵناگرێت، بەڵكو حكومەتی كابینەی نۆیەم ئامادەنییە وەك ساڵان گوژمە پارە بداتە فیدراسۆنەكە.

• با ئەو ئەگەرە دابنێین حكومەت ئەو پارەیە دەداتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، بەڵام هێندە بەشدەكات قەرزی كەڵەكەبووی سەرپەرشتیاران و داوەران و خەرجیەكانی دیكەی پێبدەنەوە، ئەی خەرجیاتی دەستپێكردنەوەی وەرز؟

• بەردەوامی بوونی مەترسیەكانی كۆرۆنا، تا دێت دۆخەكە بەرەو خرواپبوون دەڕوات و ئەوەش ڕێگرێكی دیكەیە لە كۆبوونەوە و بەریەككەوتنی تاكە كەسی و یانەكان.

• هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لەخولەكانی دیكەی وڵاتانی دراوسێ و جیهان، بەتایبەت خولی نایابی عێراق كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت، دۆخی هەرێمی كوردستان وەك ساڵانی پێشوو نییە و تاڕادەیەك ناتوانێت گوێڕایەڵی بڕیارەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ نەبێت، بۆیە هەندێك لە بڕیار و ڕاسپاردە وەرزشییەكانی ناوەند كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت.

• یانەكان بۆچوونیان لەسەر دەستپێكردنەوەی خولی ناوخۆ نەرێنییە و خواستیان لەسەر دووبارە گەڕانەوە بۆ نێو یاریگاكان لاوازە، ئەوەش وا دەكات لەحاڵەتی دروستبوونی بچوكترین كۆسپدا جارێكی دیكە خولەكە پەكبخرێتەوە.

• كۆمەڵێك بابەتی دیكە، لەوانە(گۆڕانكاری كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، نەبوونی یاریگا و كارەبا و ڕووناكی لەناو یاریگاكان لەئەگەری بەڕێوەچوونی یاریەكان لەشەواندا).

ڕەنگە دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەكە بەرپرسان و بەشێك لەچاودێرانی وەرزشی ڕەخنەی توند بگرن و وەك پێشبینی پێشوەختەی هەڵە لەم چەند پەرەگرافە بڕوانن، بەڵام خوێندنەوەكان و هەر خاڵێكی نوسراو پرسیارگەلێكە و بگرە ڕاستی تەواوە.

لەسەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانە و پاڵپشت بە بۆچوونەكان بەڵێندەدەم، ئەگەر خولی نایابی كوردستان بەشێوە یاساییەكەی خۆی دەستی پێكردەوە و پاڵەوانی خول دیاریكراو و یانەكانی خوارەوەی ڕیزبەندی پلەیەك دابەزێنران، وەك ڕۆژنامەنوسێك و چاودێرێكی وەرزشی بەبەرچاوی هەمووانەوە لەناوەڕاستی یەكێك لەیاریگاكانی كوردستان قژی خۆم بە نمرە سفر دەتاشم.

 

هه‌واڵی گرنگ