جەبار یاوەر هۆکاری نەناردنی پارەی موچەی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئاشکرا دەکات
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

جەبار یاوەر هۆکاری نەناردنی پارەی موچەی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئاشکرا دەکات

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: حكومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە ژمارە و ناسنامەی كارمەندە ئاسایشییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بزانێت و گومانی بۆ دروستكراوە كە هاووڵاتی ئێرانی و سوری و توركی لە نێوە هێزە ئاسایشییەكانی هەرێمدا هەبن.

جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند:"هەرێم هەفتەی ڕابردوو كۆدی دامودەزگا ئەمنییەكانی ناردووە و عێراق مووچەی نەناردووە، عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە مووچە بدات و دواتر پەنجەمۆرەكان لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرانە بەراورد بكات كە لە دامودەزگا عێراقییەكانی وەكو ڕەگەزنامە تۆماركراون."

دەشڵێت:"عێراق لەسەر بنەمای هەندێك قسە كە پێیگەیشتووە گومانی هەیە گوایە دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم خەڵكانی ئێرانی و سوری و توركی تێیاندا هەبێت و بەدوای ئەمەدا دەگەڕێت."

ئەمە لە كاتێكدایە وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا بڕی زیاتر لە 600 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە كردووە بەڵام حكومەتی هەرێم بە بیانووی نەناردنی مووچەی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی لەلایەن عێراقەوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە خەرج نەكردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق داوای ناو و زانیاری هێزە ئەمننیەكانی هەرێم دەكات بەڵام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم "لەبەر هۆكاری ئەمنی" ئەم داوایەیان ڕەتكردۆتەوە و دەڵێن تەنانەت دامودەزگا ئەمنییەكانی عێراقیش ناوی كارمەندانیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق ناكەن بۆ وەرگرتنی مووچە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو كۆدی بایۆمەتری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و دەزگا سەربازییەكانمان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق كرد، كۆدەكە پلە و مووچە و بڕوانامە و هەموو زانیارییەكی تێدایە جگە لە ناو."

سەرچاوەكە وتیشی: "حكومەتی عێراق داوای ناوی كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكانی كرد و هەرێمیش ڕەتیكردەوە، وەكو چارەسەرێكی ناوەندی لەسەر كۆد ڕێككەوتین."


لەسەر ئەم پرسە جەبار یاوەر، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "هەرێم دەڵێت بۆچی وەزارەتی دارایی عێراق بە كۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەكانی عێراق دەكات، كەچی داوای ناوی چواری كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم دەكات؟"

دەشڵێت:"كارمەندانی دامودەزگا ئەمنییەكانی عێراق ناوی تەواو و دۆسیەی تایبەتیان لە دامودەزگاكانی خۆیان هەیە، بەڵام بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان بەكۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەكەن."

سەبارەت بەوەی تا چەند عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی كۆدەوە ناسنامەی كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم ئاشكرا بكات، جەبار یاوەر وتی، "من جەبار یاوەرم و پلەكەم فەریقە لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە بری ناوەكەم لە كۆد نەمبەردا ژمارە 4891 دەڕوات بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام زانیاری لەبارەی پلە و بڕی مووچە و هەموو ئەوانە لەگەڵ كۆد نەمبەرەكەدا دەنێردرێت."

ڕۆژی 26ی مانگی دووی 2024، لیژنەی دارایی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی كرد. بەپێی وتەی ئەندامانی لیژنەكە، وەزیری دارایی لەكۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند تەنها مووچەی مانگی دوو بە پێی لیستی مووچەخۆران كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەنێردرێت پارە ڕەوانەی هەرێم دەكات، بەڵام بۆ مانگەكانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێكی هەرێم هەژماری تایبەت بە خۆی لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەكەی پێبدرێت.


حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری دەكات لەسەر ئەوەی حكومەتی عێراق لە ڕێگەی "هەژماری من" كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دانراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بكات، لەكاتێكدا عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بانكە فیدراڵییەكانەوە مووچەی مووچەخۆران بدات.

ڕەنگە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی داهاتووی مووچەخۆرانی هەرێم جارێكی تر گرفت لە نێوان هەرێم و بەغدا سەرهەڵبداتەوە، بەو پێیەی دابەشكردنی مووچە لە ڕێگەی بانكە فیدراڵییەكانەوە ناسنامەی كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان بۆ عێراق ئاشكرا دەكات.

هه‌واڵی گرنگ