رووسیا شارێكی گرنگی لە ئۆكرانیان داگیركرد
كوردی عربي English

News SPORT OPINION INTERVIEWS PHOTO GALLERY VIDEO GALLERY ABOUT
x

رووسیا شارێكی گرنگی لە ئۆكرانیان داگیركرد

 

 

سوپای ئۆكرانیا ڕایدەگەیەنێت هێزەكانیان لە شاری ئەڤدیڤكا كشاندۆتەوە كە شارێكی بچووكە، بەڵام گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەو چەند مانگێك بوو لەلایەن هێزەكانی ڕووسیا گەمارۆدرابوو، ئەمەش بە گەورەترین سەركەوتنی سیمبولی ڕووسیا دادەنرێت لەوەتای هێرشە بەرپەرچدانەوەكانی ئۆكرانیا كە لە وەرزی هاوینی ساڵی ڕابردوو دەستیپێكرد.

ماوەی چەند مانگێكە ڕووسیا هەوڵ دەدات ئەڤدیڤكا كۆنتڕۆڵ بكات، شارەكە گەورەترین دەستكەوتی ڕووسیایە لە دوای ئەوەی لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیای كۆنتڕۆڵ كرد، هەروەها پێش دووەمین ساڵیادی دەستپێكردنی شەڕی ڕووسیا دێت لە ئۆكرانیا.

(ئۆلیكساندەر سێرسكی) فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئۆكرانیا وتی : بڕیارمدا یەكەكانمان لە شارەكە بكشێنمەوەو پێگەی بەرگری وەربگرین لەو هێڵانەدا كە بۆ ئێمە باشترن.

وتیشی: سەربازەكانمان ئەركە سەربازییەكانی خۆیان بە شكۆوە جێبەجێ كرد، هەموو شتێكیان كرد بۆ لە ناوبردنی باشترین یەكەی سەربازی ڕووسیاو زیانێكی گەورەیان بە دوژمن گەیاند.

بڕیاری كشانەوەكە بە یەكەمین بڕیاری گرنگی سێرسكی دادەنرێت لە دوای ئەوەی لە 8 ی مانگی دوودا وەكو سەركردەی نوێی سوپای ئەو وڵاتە دەستنیشانكرا، وتی: بڕیارەكە لە پێناو پاراستنی ژیانی سەربازەكان و ڕێگریكردن لە گەمارۆدانیان دراوە.

ئۆكرانیا بەهۆی كەمی تەقەمەنییەوە ڕووبەڕووی فشارێكی زۆر بۆتەوە لە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ڕابردووەوە كۆنگرێسی ئەمریكا پڕۆژە یاسایەكی یارمەتیدانی ئۆكرانیای بە بڕی (60) ملیار دۆلار ڕاگرتووە. ئەنجوومەنی سیناتی ئەمریكا پڕۆژە یاساكەی پەسەند كردووە، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە كۆمارییەكان زۆرینەن تێیدا هێشتا تاوتوێی پڕۆژەكەیان نەكردووە.

فەرماندەی ناوچەی ئەڤدیڤكا، ژەنەڕاڵ ئۆلیكساندەر تارناڤسكی سەبارەت بە كشانەوەكە وتی : لە دۆخێكدا كە دوژمن بەسەر لاشەی سەربازەكانی خۆیدا پێشڕەوی دەكات و تەقەمەنییەكی زۆر زیاتریان لە ئێمە پێیە، لە دۆخێكدا كە بەردەوام بۆردومانمان لەسەرە، ئەمە بڕیارە ڕاستەكە بوو.

وتی : ڕێگەمان نەدا گەمارۆ بدرێین، سەربازەكان كشێندرانەوە، سەربازەكانمان پێگەی بەرگریان لە هێڵە دیاریكراوەكاندا وەرگرتووە.

پێش دەركردنی فەرمانی كشانەوەی هێزەكان لە ئەڤدیڤكا، تارناڤسكی وتی: چەندین سەربازی ئۆكرانی لەلایەن هێزەكانی ڕووسیاوە دەستگیركراون.

شەڕەكە بۆ ناوچە پیشەسازییەكە كە كەمتر لە 10 كیلۆمەتر لە شاری دۆنێتسكی ژێر كۆنتڕۆڵی ڕووسیاوە دوورە، یەكێك بوو لە خوێناویترین شەڕەكان لە ماوەی دوو ساڵی جەنگەكەدا.

بەپێی بەرپرسانی ناوخۆ، شاری ئەڤدیڤكا پێش جەنگ نزیكەی (34,000) دانیشتووی هەبووە، زۆربەی شارەكە لەو كاتەوە لە ناوچووەو نزیكەی (1000) دانیشتووی تێدا ماوە.

شارەكە گرنگی و بەهای سیمبولی خۆی هەیە، مۆسكۆ هیوادارە بە گرتنی شارەكە بۆردومانكردنی دۆنێتسك لەلایەن ئۆكرانیاوە قورستتر بكات.

ئەڤدیڤكا دەكەوێتە هەرێمی دۆنێتسكی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیاوە، كرێملن لە ساڵی 2022 دا هەرێمەكەی لكاند بە ڕووسیاوە.

زێلێنسكی هۆشداریدا لەوەی ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی ئۆكرانیا نەكەن، پۆتین لە چەند ساڵی داهاتوودا وڵاتانی دیكە وەك ئۆكرانیا دەخاتە ناو كارەساتەوە.

 

In case you missed it