پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ یاسایەکی هەموارکردەوە و تێیدا هاوارکردن بەسەر دایک و باوک و بێڕیزیکردن بەرامبەریان بە تاوان ناسێنراوە، بە پێی هەمواری یاساکەش ئەو کارە سزاکەی بەندکردن و پێبژاردن دەبێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەی بەوەکرد:" بەپێى هەموارەکە، هەر کەسێک ئازارى دايك و باوكى بدات بە بێڕێزیکردن یان هاوارکردن بەسەریاندا، یان خۆبێبەریکردن، بەجێهێشتنیان یان هەر مامەڵەیەکى دیکەى لەو جۆرە، سزاى بەندکردن و پێبژاردن دەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزا دەدرێت ".
باسی لەوەشکرد، " یاساکە لەدواى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائعی عێراقى دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە "، ئەو یاسایەی هەموارکراوەتەوە بریتییە لە ماددەی 384ی یاسای سزادانى عێراقى و لە دوو بڕگە پێکدێت.