وادەی دەستپێكردنەوە و كۆتاییهاتنی خوێندنی ئەمساڵ راگەیەنرا
كوردی عربي English

News SPORT OPINION INTERVIEWS PHOTO GALLERY VIDEO GALLERY ABOUT
x

وادەی دەستپێكردنەوە و كۆتاییهاتنی خوێندنی ئەمساڵ راگەیەنرا

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵی ئاشکرا کرد.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە قەزای زاخۆ گوتی: "بڕیارە لە 16/5/2021 پرۆسەی خوێندن دەست پێبکەینەوە، لەو بڕوایەدام یەکەم رۆژی وەرزی هاوین کۆتا رۆژی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها تاقیکردنەوەکانە لە پۆلی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی".

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: "بڕیاری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە گرتنەبەری رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پەسند کراوە".

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان لە ئەنجوومەنی وەزارەت پلانێکیان داناوە و پلانەکەشیان لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پەسندکراوە، "ئەویش بریتی بووە لەوەی وانەکان پوخت بکەینەوە و ماوەیەکی زەمەنیش دابنێین بۆ ئەوەی بە شێوازی تەناوب قوتابیان لە گشت ئاستەکان بتوانن بخوێنن و تاقیکردنەوەش ئەنجام بدەن."

ئالان حەمەسەعید ئەوەشی راگەیاند کە دەستپێکی یەکەم رۆژی هاوین وای بۆدەچێت "دوایین رۆژی خوێندن بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا تاقیکردنەوەکانە بۆ قۆناخی یەک تاوەکو 11ـی بنەڕەتی."

لەبارەی دابینکردنی پێداویستیی قوتابخانەکان، ئالان حەمەسەعید باسی لەوە کرد، ئەوەی پێیان کرابێت "لە ئامێری فێنککەرەوە کردوومانە، بەڵام بەردەوام دەبین پێویستییەکی زیاترمان پێی هەیە."

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر هاتوو توانیمان لە 16-5-2021 دەرگەی قوتابخانەکان بکەینەوە، بە سیستمی پێشوو دەبێت کە شێوازی تەناوب بوو، بەڵام ئەمجارە بۆ ئەوەی زیاتر سوود لە کاتەکە وەربگرێت چەند ماددەیەک دیاریکراون و پوختکراون لەو وانانە دەخوێنن و تاقیکردنەوە دەکەن."

In case you missed it